کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كاندیدە سەرنەكەوتووەكانی یەكێتی پیرۆزبایی دەكەن و كاندیدانی پارتیش خۆپیشاندان

.

11:45 AM - 13/11/2025

 

پاش تەواوبوونی راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەكان و دەركەوتنی ئەنجامی كۆتایی كاندیدەكان، كاندیدانی سەرنەكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، لەڕێگای پەڕە تایبەتییەكانی خۆیانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پیرۆزبایی سەركەوتنی لیست و كاندیدە هاوڕێكانیان دەكەن، لەكاتێكدا كاندیدانی سەرنەكەوتووی پارتی لە بادینان لەڕێگای خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی و رێگەگرتنی لایەنگرانیانەوە وەڵامی پارتی و دەزگای هەڵبژاردن دەدەنەوە و بە گومانەوە لە ئەنجامەكان دەڕوانن.


د. هێرش رەسوڵ، د. بێستون سابوراوایی، دكتۆر شەریف شەهید رەحیم، د. نەرمین مەعروف، ئاودێر مامۆستا عەزیز و ژمارەیەك كاندیدی سەرنەكەوتووی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەی هەڤاڵە دەرچووەكانی لیستی یەكێتی و ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەیان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كرد و رایانگەیاند، لە هەر شوێنێكبن بەهەمان گڕوتینی پێشووەوە كارو خزمەت دەكەن.


لەبەرامبەردا، پاش تەواوبوونی راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەكان و دەركەوتنی ئەنجامی كۆتایی كاندیدەكان، ژمارەیەك هۆزو عەشیرەتی دەڤەری بادینان كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاندیدیان لەناو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەبوو، دژی سەرنەكەوتنی كاندیدەكانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چەندین رێگەیان لەو سنوورانە داخست، بەوتەی خۆیان كاندیدەكانیان دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و سەركەوتوون، بەڵام پارتی كاندیدی سەرنەكەوتووی خستووەتە شوێنیان.


عەشیرەتی گۆران كە پاڵپشتی كاندیدی ژمارە 13ـی پارتیان دەكرد، بەهۆی سەرنەكەوتنی كاندیدەكەیانەوە رێگەی قەزای بەردەڕەش-ناحیەی رۆڤیایان داخست.


هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی عەشیرەتی سلێڤانە، رێگای نێوان زاخۆ و دهۆكیان داخست و وەك خۆیان دەڵێن، پارتی غەدری لە عەشیرەتەكەیان كردووە و كاندیدەكەیان  كەناوی د. شێرزاد زەكەریا سلێڤانەیی-یە سەركەوتووە، بەڵام پارتی دووری خستووەتەوە و كاندیدێكی سەرنەكەوتووی خستووەتە شوێنی.


هۆزی مۆسارەشا لە دەڤەری ئیدارەی زاخۆ هاوشێوەی هۆزی سلێڤانەیی و گۆران، لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە پێیان وایە غەدر لە كاندیدەكەیان كراوە دەستیان بە خۆپیشاندان و دەربرینی ناڕەزایی كرد، بۆ ئەو مەبەستەش رێگەی سەرەكی ئیبراهیم خەلیل-یان داخست.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە