.
06:38 PM - 13/10/2025
ئەم ژمارە تازەیەی گۆڤاری نوێبوونەوە كە بریتییە لە ژمارە (20) كۆمەڵێك بابەتی گرنگی لەخۆگرتووە لەوانە:
*مێژووی زارەكی و سێ نامەی بڵاونەكراوەی مام جەلال. ئەم بابەتەی د. ئیسماعیل مەهابادی بریتییە لە گێڕانەوەی حیكایەتی پەیوەندنی مام جەلال لەگەڵ یەكێك لە دۆستە دێرینەكانی كە ناوی مەلا قادرە لە گوندی زووران و سێ نامەی مام جەلالی لای خۆی پاراستووە كە لێرەدا بڵاوكراونەتەوە. *سووڕی ژیانی حزبەكان و هۆكارەكانی بەردەوامبوونیان. لێكۆڵینەوەیەكی محەمەد فاتیح-ە، بەشێوەیەكی گشتی باس لە پێویستی بوونی حزب و هۆكارەكانی بەردەوامبوونی دەكات. *تەیب جەبار: شیعر هونەرێكی قورسە و بە هەموو كەسێ ناوترێ و نانووسرێ. گفتوگۆی ئەم ژمارەیەیە و لە سێ تەوەردا محەمەد كەریم كۆمەڵێ پرسیاری ئاراستەی شاعیر و ئەندازیار تەیب جەبار كردووە. ئەویش بەوردی و كورت و پوخت وەڵامی پرسیارەكانی داوەتەوە و رای خۆی لەبارەیانەوە خستۆتەڕوو. * دۆسێ، جینۆسایدی ئێزدیان. دۆسێی ئەم ژمارەیەیە و چوار بابەتی لە خۆگرتووە كە بریتین لە: رامانێك لەبەردەم تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەكاندا، تەها سلێمان/ جینۆساید و هۆكاری دووبارەبوونەوەی، نموونەی ئێزدییەكان، فەرمان حسێن دەروێش/ یەكەم راپۆرتی UN سەبارەت بە جینۆسایدی ئێزدیان/ چەردەیەك لەبارەی داعشەوە. دۆسێكە بەگشتی كۆمەڵێك زانیاری وردی تێدایە سەبارەت بە جینۆسایدی ئێزدیان لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە كە ئەم جینۆسایدە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە رەسمی ناسێنراوە. *ئەو تۆ نییە، كەواتە؟ رێز لە سنووری ئەوانیتر بگرە، پێش زانینی سنووری تایبەتی خۆت، تانیا میرزا كورد، باس لە ژیانی تایبەتی و پێویستی پاراستنی سنوورەكانی دەكات، ئەوەش دەخاتەڕوو چی ژیانی تایبەتیی كەسەكانە و نابێ سنووری ببەزێنرێت و چی ژیانی تایبەتی نییە/ كاریگەریی زیرەكیی دەسكرد لەسەر ژینگە، فەیسەڵ عەلی، باس لەوە دەكات دوای هاتنە كایەی زیرەكیی دەسكرد ژینگە چی بەسەر دێت؟/ ناوچە دێرین و گەشتیارییەكانی كوردستان، دۆڵی شاورێ بە نموونە، راپۆرتێكی چنار عەزیزە، باسی دۆڵی شاورێ دەكات لە رووی مێژوویی و گەشتیارییەوە.
هەروەها ئەم ژمارەیەی نوێبوونەوە ئەم بابەتانەشی لەخۆگرتووە:
*ئۆشۆ: مەدیتەیشن چییە؟/ رۆشنبیری ئەندامی و رۆشنبیری تەقلیدی، لە عەرەبییەوە، یاسین عومەر/ بەرجەستەكردنی واقیعی باو لە گێلە پیاو و برایم زەبۆكدا، خدر ئیبراهیم خدر/ چما تۆیش نووسەریت؟ خوێندنەوەی كتێبی ئەدەبی ڕووسی، بەختیار حەمەسوور/ هەروەها لە گۆشەی (پەیكەرێك لە وشە)دا لەسەر بەرگی دواوە، چیرۆكی شەهیدی سێدارە جەلال عەلی عەبدوڵڵا باسكراوە.
نوێبوونەوە گۆڤارێكی سیاسی، كەلتوری دوومانگانە، مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری دەریدەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە