.
02:20 PM - 22/09/2025
لە یارییەكی گرنگی هەفتەی چوارەمی خولی یانەكانی ئیتاڵیا ، ئینتەر میلان لە یاریگای جۆسیپی میاتزای شاری میلانۆ میوانداری ساسۆلۆی كرد ، لە سەرەتای یارییەكەوە یاریزانانی نێراتزووری بەرزترین ئاستی خۆیان پێشكەش كرد و لە دەقیقەی ١٤ شدا توانیان گۆڵی پێشكەوتن لە رێگەی فیدریكۆ دی ماركۆوە تۆمار بكەن ، هەرچەندە دوای ئەو گۆڵەی دی ماركۆ یاریزانانی ئینتەر زیاتر لە جارێك هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنیان بۆ دروست بوو ، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و گێمی یەكەمی یارییەكەش بە گۆڵێكی بێبەرامبەر كۆتایی پێهات ، لە گێمی دووەمدا یاریزانانی هەردوو یانە فشارێكی زۆریان خستە سەر گۆڵی یەكتر و دوای لە دەستدانی چەند هەلێكی ئاسانی گۆڵ تۆماركردن ، سەرەنجام لە دەقیقەی ٨١ دا تاریك موهاریمۆڤیچی بۆسنی بە هەڵە گۆڵێكی لە یانەكەی تۆمار كرد و ئینتەر میلانی كردە خاوەن گۆڵی دووەم ، سەرەڕای ئەوەی لە دەقیقەی ٨٤ دا وەلید چیدێرای مەغریبی گۆڵی یەكەمی یانەی میوانی تۆمار كرد و جیاوازی گۆڵەكانی بۆ ساسۆلۆ كەم كردەوە ، بەڵام لە كۆتاییدا یارییەكەیان بە گۆڵێك بەرامبەر بە دوو گۆڵ دۆڕاند ، دوای ئەو بردنەوەیەش یانەی ئینتەر میلان بە كۆكردنەوەی ٦ خاڵ بۆ پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەكە سەركەوت
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە