.
11:14 AM - 22/09/2025
مێژووی خەباتی گەلی ڤێتنام و
سڵاوێک لە کاک فەرهاد هەمزە
(مێژووی خەباتی گەلی ڤێتنام ) کتێبە ناوازەکەی کتێبخانەی کوردی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو. کتێبێک هیچ کتێبخانەیەکی شۆڕشگێر بێ ئەم کتێبە نەدەکرا و نەدەبوو.
لە نیوەی هەشتەکان ئەم کتێبە بەشێک بوو لە مەرجەکانی رۆشنبیری سیاسیی و هوشیاری هەر خەباتگێڕێک و هەر ئەڵقەیەکی شۆڕشگێڕی. دەبوایە بۆ ناسینی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی و داگیرکاری بێگانە و تێگەیشتن لە چیرۆکی خەباتی رزگاریخوازی گەلان ئەم کتێبە لە لیستەی خوێندنەوەدا بێت.بێگومان لەگەڵ نامیلکە سۆڤێتییەکەی وەرگێڕانی کاکە حەمەی مەلا کەریم لەسەر شۆڕشی روسیا لە ساڵی ١٩٠٥، بۆ کتێبە ئاڵۆزەکەی(مردووخۆرەکان) ، بۆ راپەڕینی نیکاراگوا و فەرهەنگەکەی مامۆستا بورهان قانع تا نووسینەکەی کاک هەڤاڵ کوێستانی ( ئافەرەت و ژانی لە دایکبوونێکی تر) و هی دیکە.
جا وەک دەڵێن؛ فێربوون بە منداڵی وەک کوتینی بزمارە بە ناڵی. ئەم کتێبەی ڤێتنام بە بەسەرهاتەکانی ، بە گێڕانەوەکانی لە مێشکی زۆرمان ماوەتەوە. لەم رۆژانەدا دیتم کتێبەکە بە بێنازی لە کتێبخانەی دۆستێکدا سەرەتاتکێیەتی.لە دڵی خۆمدا گوتم ئەرێ داخۆ جەماعەتی هەڤاڵ هۆشی منە چییان بەسەرهات؟
لە گەشە و نەشەی ئەزموونی یەکگرتنی نەتەوەیی و نیشتمانیی و سۆشیالیزمەکەیان گەیشتنە کوێ و ئێستا چۆنی دەگوزەرێنن؟ پەیوەندییان لەگەڵ ئەمەریکا چۆنە؟ هەر دژ و دوژمنن، یان دۆست و پەیوەندی ئاسایین؟
مەعلوم ڕا و سەرنج لەسەر خزمانی ئەمەریکا وەک جاران نەماوە. لە داخ دیکتاتۆری سەددام هەموو کەس مونقیز و دۆستە . بۆیە ئەمەریکا بۆ روخانی بەعس هاتنە عیراق و لە کەرکوکیش دەبابە و تانکیان تا بەم دوایەش دەهاتن و دەخولانەوە. مەعلوم کاکی وەرگێڕی کوردی، کاک فەرهاد هەمزەی نووسەری خۆشمان هێشتا هەر لە شاری خۆی، شاری کەرکوکە و کتێبان لەسەر نەوت و کورد دەنووسێت و کۆڕ و کۆبوونەوەی گشتی ساز دەکات. فەقەت نازانم نووسەری کتێبە عەرەبییەکە، بەرێز محەمەد جەلال عەباس، کوێوە چوو ؟
کاک فەرهاد ئەم کتێبەی بە کوردییەکی جوان و بە سەلیقەی وردەوە وەرگێڕاوە و خۆشی بەشی تری بۆ ئامادە کردووە و وەک نووسەرێکی گەنج پێوەی ماندووبووە.
لە پێشەکیدا دوور لە ئایدەلۆژیای وشک و تاکە لایەنەی نا هاوسەنگ رەخنەی لە شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنام و شەڕی یەکێتیی سۆڤێت لە ئەڤغانستان، گرتووە و پێکیان دەشوبهێنێ ، بەو مانایەی داگیرکاری هەر یەکە و فەرقی نییە ، سپی بێت یان ڕەش.
کاک فەرهاد لەم ساڵانەی دواییش لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ کۆڕی لەسەر کەرکوک و نەوتەکەی هەبوو و ناسیمەوە دیتم روانگەی قوڵ و تایبەتی خۆی هەبوو لەسەر پرسی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ ، دوور لە هاشوهوشی درۆنانەی ناسیونالیستی رووکە کەلە قازانجی میللەت نییە و پێدەچێت زیاتر لە قازانجی کۆمپانیاکانی بێگانە بێت.
تەمەن درێژی بۆ کاک فەرهاد هەمزە و سڵاو بۆ گەلی هەواڵ بزربووی ڤێتنام و تاقیکردنەوە شۆڕشگێڕییەکەی جارانی.
ستران عەبدوڵڵا
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە