.
12:04 PM - 16/09/2025
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) تەواوبوونی سەرجەم گرێبەست و پابەندبوونیەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی كڕینی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە كوردستانەوە ناوبانگی عیراق وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی نەوت بۆ بازاڕی تینووی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە.
عەلی نزار شەتەری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە، رایگەیاند: " ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ڕوویدا مەسەلەی لێكتێگەیشتن و دانانی میكانیزمی كاركردن بوو"،
ئاماژەی بەوەشكرد "یاساكە هەموو لایەك دەگرێتەوە".
ڕوونیشیكردەوە، "وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە یەك چوارچێوەدا كاردەكەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت نەوتی عیراقە، تاكە جیاوازی لە سروشتی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەی لەوێ كاردەكەن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان پێویستیان بە تەواوكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە هەیە، هەروەها لێكتێگەیشتنی تەواو لەمبارەیەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی كۆتایی كە ڕێگە بدات بە دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و دەستپێكردنی هەناردەكردن".
ئەلشەتەری وتیشی: "ئەو نەوتە خاوەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە ئێستادا هەناردە ناكرێت، بەڵكو لە ناوخۆی هەرێمدا بەكاردەهێنرێت، ئێمە بە پێی یاسای بودجەی ساڵی 2025 كاردەكەین بۆ گۆڕینی بڕی زیادەی دوای بەكارهێنانی ناوخۆیی بۆ هەناردەكردن". ئاماژەی بەوەشكرد، "كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت سەرجەم گرێبەست و ئەركەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی كڕین تەواوكردووە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بڕی هەر كە لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان و حكومەتی هەرێمەوە نێردران ".
ئاماژەی بەوەشكرد، "دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن ناوبانگی عیراق وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی نەوت بۆ بازاڕی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە، كە تینووی ئەم جۆرە نەوتەن بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی قەیرانی ڕووسیا و ئەوروپا و نەبوونی پێداویستی ڕووسیا، بەو پێیەی نەوتی عیراق لە ڕووی كوالیتییەوە هاوشێوەی نەوتی ڕووسیایە". جەختیشی كردەوە كە "تا ئێستا سۆمۆ هیچ بڕە نەوتێكی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەرنەگرتووە، پەیوەندی گرێبەستیش لەنێوان وەزارەت لە كوردستان و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان ماوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە