کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت

.

10:41 AM - 16/09/2025

چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبووە و تەئكیدی لە پێویستی پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كردەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای وڵات و ناوچەكە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

 لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە، ئامادەبووان ئەنجامی لوتكەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ تاوتوێكرد و تەئكیدیان لە گرنگیی بەدواداچوونی حكومەتی عیراق بۆ ئەو ئەنجامانە كردەوە.  هەروەها تەئكیدیان لە كاركردن بۆ كاراكردنیان لە سەرجەم كۆڕبەندە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان كردەوە، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین و كۆكردنەوەی پشتیوانیی مرۆیی و سیاسی بۆ دۆزە رەواكەیان.

لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو تاوتوێ كرا و ئامادەبووان تەئكیدیان لە پێویستی ئەنجامدانی لە وادەی دەستووریی خۆیدا كردەوە، لەگەڵ دابینكردنی كەشێكی گونجاو بۆ سەركەوتنی و گەرەنتیكردنی شەفافیەت و پاكییەكەی، بە شێوەیەك كە متمانەی هاووڵاتیان بەهێز بكات و رێڕەوی دیموكراسی پەرە پێبدات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە 11ـی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.
 
بەپێی راگەیەندراوەكە، چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاوازە مەزهەبییەكان لە هەندێك وتار و لێدواندا دەربڕیوە و هۆشداریدا لە مەترسییەكانی كاریگەرییەكانی لەسەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی و یەكڕیزیی نیشتمانی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە