بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبۆنەی 37ەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی یەكێتیی ژنانی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،لە دڵەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین. سەرۆك بافڵ لە پەیامەكەیدا باسی لە رۆڵی رێكخراوەكە كردووە و نوسیوێتی،مێژووی پڕ لە سەروەری و خزمەتەكانی یەكێتیی ژنانی كوردستان، سەلمێنەری ئەو راستییەن كە رێكخراوەكەتان هەمیشە سەنگەرێكی پتەوی داكۆكیكردن بووە لە مافەكانی ژنان و بەشێكی دانەبڕاو بووە لە خەباتی رەوای گەلەكەمان و مێژووی درەوشاوەی یەكێتی. دەستخۆشیتان لێ دەكەین بۆ ئەو هەنگاوە نوێگەری و بەرنامە پێشكەوتنخوازەی گرتووتانەتە بەر بۆ درێژەدان بە خزمەتەكانتان و چاوەڕوانین ئەو ستراتیجە نوێیەی داتانڕشتووە ببێتە وەرچەرخانێكی گرنگ بۆ پشتگیریكردن لە سەرخستنی داخوازییە رەواكانی ژنان لە وڵاتەكەماندا.لە كۆتایی پەیامەكەشیدا سەرۆك بافڵ دەڵێت ،ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە باوەڕی نەگۆڕمانەوە وەك هەمیشە داكۆكیكاری راستەقینەی بەدیهێنانی مافەكانتان دەبین، لەگەڵتانین بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی شایستە تا ژنانی ئازا و ئازادی كورد لە كایە سیاسی، كارگێڕی و كۆمەڵایەتییەكاندا خاوەن بڕیاری راستەقینە بن و دەرفەتی یەكسانیان بۆ بڕەخسێندرێت لە بەڕێوەبردن و سەرخستنی كۆمەڵگەكەماندا.