كۆمسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاًتەكەی راگەیاند، كە تێیدا رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان بەرزترین ئاستی تۆماركردو گەیشتە 77.9٪.
بەپێی ئامارە رەسمییەكان، پێنج ملیۆن و 716 هەزار و 665 دەنگدەر بەشدارییان لە پڕۆسەكەدا كردووە، بەرەكەی ناتانیاهۆ بە بەدەستهێنانی 53 كورسی تووشی پاشەكشەیەكی گەورە بووە، بەوپێیەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا خاوەنی 68 كورسی بوو. لە بەرامبەردا بەرەی دژە ناتانیاهۆ 48 كورسی بەدەستهێناوە و پارتە عەرەبییەكانیش (لیستی هاوبەش و رەعەم) بە بەدەستهێنانی 19 كورسی، سەركەوتنێكی مێژوویی بێوێنەیان تۆمار كرد كە نزیكەی دوو هێندەی كورسییەكانی پێشوویانە.
بە كورسیی پارتە عەرەبییەكان، بەرەی دژە ناتانیاهۆ دەتوانێت بە ئاسانی حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام زۆربەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن رازی نین هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبەكان بكەن.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باسیان لە ساختەكاریی بەرفراوان یان هەڵمەتێكی قەتەری بۆ دەستوەردان لە دەنگدان دەكرد. دین لیڤنی، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەكالەتی كۆمسیۆن لەو بارەیەوە وتی، ئەو راپۆرتانەی بڵاوكراونەتەوە بە تەواوی بێ بنەمان و لێكۆڵینەوەكان هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئەنجامەكانی كۆتایی نابێت.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجامە رەسمییەكان تەسلیمی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆكی ئیسرائیل بكرێن، دوابەدوای ئەوە لەگەڵ سەركردەی پارتەكان كۆببێتەوە بۆ وەرگرتنی پێشنیارەكانیان لەبارەی دیاریكردنی كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.
هێرزۆگ هۆشداریی دا بە پارتە سیاسییەكان و داوای لێكردن بە مێشكێكی كراوەوە دانوستاندن بكەن، بۆ ئەوەی وڵات تووشی خولێكی تری هەڵبژاردن نەبێتەوە، لە كاتێكدا هەریەك لە ناتانیاهۆ و ئایزەنكۆت پێداگری دەكەن كە ئەوان دەبنە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو.
پەرلەمانی نوێی ئیسرائیل لە 10ی تشرینی دووەم سوێندی یاسایی دەخوات، بەڵام پێشبینی دەكرێت گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت زۆر ئاڵۆز بن و زیاتر لە دوو مانگ بخایەنن، لە كاتێكدا هیچ بەرەیەك نزیك نییە لە زۆرینەی پێویست كە 61 كورسییە.