ژمارەیەك لێپرسراوی ئەمریكا و سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا لە رێگەی جێگرەكەیەوە نامەیەكی بۆ سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە و داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی كردووە.
رۆژی چوارشەممە، ژمارەیەك لێپرسراوی ئەمریكی و سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكییان راگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، پەیوەندی بە موحسین رەزایی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كردووە بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان، لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی جەنگ دەكات دوای هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول لە هەفتەی داهاتوودا.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەكسیۆس، وڵاتانی ناوچەكە بە سەركردایەتی دەوحە لە هەوڵێكی چڕی دیپلۆماسیدان بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، تاوەكو رێگری لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ و هێرشی سەربازیی ئەمریكا و ئیسرائیل بگرن راستەوخۆ دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی كۆنگرێس.
بەپێی راپۆرتەكە، قەتەرییەكان كار لەسەر ئەوە دەكەن تاران رازی بكەن رێگە بە پشكنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان بدات سەردانی وێستگە ئەتۆمییە بۆردوومانكراوەكانی بكەن، لە بەرامبەر ئەوەی ئەمریكا بەشێك لە سزاكانی سەر ئەو وڵاتە سووك بكات.