سەرۆك كۆماری سووریا دەڵێت، دەرفەتێكی مێژوویی لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و دیمەشق هاتووەتە ئاراوە و سووریاش بە دەروازەی دەریایی بۆ عێراق دادەنرێت و پەیوەندیی نێوان وڵاتان بە میزاج بەڕێوەناچێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سووریا لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە-ی عیراقی ئاماژەی بەوەدا، "ئەو كۆمەڵگایانەی كە ئێمە بەڕێوەیان دەبەین شایستەی ئەوەن بەرنامەی تایبەت بە خۆشگوزەرانی، گەشەپێدان و ژیانێكی شایستەیان بۆ دابنێین".
وتیشی، سووریا بە دەروازەی دەریایی بۆ عیراق دادەنرێت، پەیوەندیی سیاسیی نێوان وڵاتانیش هەمیشە پێویستی بە بەستەرێك هەیە، گرنگترین بەستەریش بابەتە ئابوورییەكانن.
بەوتەی سەرۆك كۆماری سووریا ئێستا دەرفەتێكی مێژوویی لە پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و سووریادا هاتووەتە ئاراوە، ئەم دەرفەتەش دوای 70 ساڵ لە نەهامەتی هاتووەتەئاراوە و لەو حەوت دەیەیەدا هاوشێوەی نەبووە.
ئەو قسانەی سەرۆك كۆماری سووریا لەكاتێكدان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق سەردانی دیمەشق بكات و لەگەڵ سەرۆك كۆماری سووریا كۆببێتەوە، ئەوەش لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدەوە، یەكەمجارە سەرۆك وەزیرانێكی عیراق سەردانی دیمەشق دەكات.