دوانزەیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێكرد و چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین چالاكی بازرگانی، كلتووری و كۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت، چاوەڕوان دەكرێت سەدان هەزار كەس سەردانی بكەن.
ساڵانە وەك هەوڵێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی هەناری هەڵەبجە و ناساندنی بەرهەمە كشتوكاڵیی و ناوخۆییەكانی پارێزگاكە لە مانگی 10 دا فیستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچێت. سەردانیكەران لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عیراق سەردانی دەكەن.
بۆ ئەمساڵ، رێكخەرانی فیستیڤاڵەكە چاوەڕوانی نزیكەی نیو ملیۆن سەردانیكەر دەكەن، بۆ ئەو مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای هەڵەبجە ئامادەكاری تەواویان كردووە.
لە فیستیڤاڵی هەناردا تەنها هەنار و بەرهەمی لە هەنار دروستكراو نافرۆشرێت، بەڵكو فیستیڤاڵەكە هەوڵێكە بۆ ساغكردنەوەی هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەڵەبجە و جوتیاران لە ماوەی چوار رۆژی فیستیڤاڵەكەدا بەرهەمەكانیان دەفرۆشن.
بەپێی ئامارەكانی لە پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 10 هەزار و 600 دۆنم باخی هەنار هەیە، هەروەها نزیكەی دوو هەزار باخەوان لە باخە هەنارەكانی هەڵەبجەدا كار دەكەن.
بەرهەمی هەنار بۆ ئەمساڵ نزیكەی 20 هەزار تۆنە، لە كاتێكدا ساڵی پار بەرهەمی هەنار نزیكەی 30 هەزار تۆن بووە، جوتیاران كەمی بەرهەمی هەنار بۆ درەنگ گوڵ كردنی باخە هەنارەكان دەگەڕێننەوە. چونكە وەرزی بەهاری ئەمساڵ زۆر فێنك بووە و هەنار پێویستی بە كەشی گەرم هەیە.
سەبارەت بە نرخەكانیش، بۆ ئەمساڵ نرخی یەك كیلۆ هەنار لە 250 بۆ 500 دینار تاوەكو هەزار 500 دینارە، ئەوەش بەپێی جۆرەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.