وەزیری پەیوەندییەكانی حكومەتی ئوردن، محەمەد مۆمەنی، رایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی هێزی ئاسمانی شاهانە رۆژی دووشەممە لە باشووری سوریا ئەنجامی دان، بوونەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 20 ئەندامی گرووپی تیرۆریستی داعش.
وەزیری پەیوەندییەكانی حكومەتی ئوردن لە راگەیەندراوێكدا وتی: ئەنجامە سەرەتاییەكانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە، تاوەكو ئەم ساتە، ئاماژە بە زیانی گەورە لە ریزەكانی داعشدا دەكەن كە بە زیاتر لە 20 ئەندام دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ تێكشكاندنی كۆگایەكی گەورەی چەكی گرووپەكە.
رۆژی هەینی لە ئەنجامی تەقەكردنی چەند چەكدارێك لەنێو كەنیسەیەك لە پارێزگای كەرەكی باشووری ئوردن، نۆ كەس كوژران و 34 كەسی تریش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن زنجیرەیەك هێرشی لە باشووری سوریا ئەنجامدا، دواتر عەمان رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەكان وەك وەڵامێكبوون بوون بۆ ئەو دەستدرێژییەی كە كەنیسەكەی كردبووە ئامانج، ئاماژەی بەوەش كردبوو، سێ هێرشبەرە ئوردنییەكە كە دەستگیراون پەیوەندییان بەو گرووپانەوە هەبووە كە لە سوریا كراونەتە ئامانج.
وەزیری پەیوەندییەكان ئاماژەی بەوەدا، ئوردن خۆی بەدوور گرتووە لە بەئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی كە زانیارییەكان نیشانیان داوە مەدەنییان تێدایە و هاوخەمی خۆی بۆ بەركەوتنی قوربانیانی مەدەنی لە سوریا دەربڕی.
هەروەها تەئكیدی لەوە كردەوە، لە دوای ئەنجامدانی هێرشەكان، لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان ئوردن و سوریادا پێكدەهێنرێت بە مەبەستی فراوانكردنی مەودای هەماهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت: بە هەماهەنگی لەگەڵ ئوردن كاردەكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی مەیدانی و ئەمنیی هاوبەشی بەپەلە بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات،
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بە توندترین شێوە ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆردومانانەی دوێنێ لە ناوچەكە ڕوویاندا، ئیدانە و ڕەتیدەكاتەوە، بەزاندنی ئاسمانی سوریا پێشێلكارییەكی قبوڵنەكراوە.