حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە د. فەیسەڵ غازی، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا و لە دیدارێکدا، پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستن و بەردەوامی پڕۆسەی خوێندنی کوردی لە زانکۆی بەغدا دووپاتکردەوە.
لە دیدارەکەدا، د. فەیسەڵ غازی، سەرۆکی بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا ڕایگەیاند، بەشەکەیان ڕووبەڕووی گرفتی نەبوونی مامۆستا و کەمی سەرچاوە بە کوردی بووەتەوە و هیوای خواست وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پشتیوانی مانەوەی بەشەکەیان بکەن.
لەو بارەیەوە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوە و گەشەی بەردەوامی بەشی زمانی کوردی، ڕایگەیاند، وەزارەت ئامادەکاری پێویست دەکات بۆ بەخشینی زیاتر لە هەزار کتێب بە کتێبخانەی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا.
هەروەها وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی گرفتەکانی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزارەت تاوتوێ بکات و هەرچی پێویست بێت لە سنووری دەسەڵاتی وەزارەت بۆ ئەو بەشە تەرخان بکرێت.