هێزی دەریایی ئێران: لە رۆژانی سەرەتای جەنگدا كەشتیی ئەبراهام لینكۆڵنمان بە مووشەك پێكاوە

عیراق 11:07 AM - 2026/10/27

 فەرماندەییەكی باڵای هێزی دەریایی ئێران دەڵێت، هێزەكانیان لە سەرەتای دەستپێكردنی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكاندا، گورزێكی مووشەكیی كاریگەریان لە كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن) وەشاندووە و لە ئەركەكەی پەكیان خستووە.

فەرهاد فەتاحی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی هێزی دەریایی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشكرای كرد، تاران پێشوەختە و لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە، بە 12 بۆ 15 سەعات پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنێكی نهێنیی هێزە ئەمریكییەكان، بە پلانەكەی زانیوە.

بە وتەی ئەو فەرماندەیە، ئەم زانیارییە پێشوەختەیە هێزەكانی ئێرانی چالاك كردووە تا یەكەكانی مووشەك و درۆنیی خۆیان بگوازنەوە و لە گورزی ئەمریكییەكان بیپارێزن، دواتر لە كاتی هێرشەكەدا بە مووشەكی پێشكەوتووی ئێرانی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن) بپێكن. فەتاحی تەئكیدی لەوەش كردەوە، پێكانی كەشتییەكە زیانی گەورەی پێگەیاندووە و بووەتە هۆی پەكخستنی ئەركە سەربازییەكەی، ئەمەش ناچاری كردووە لە ئاوەكانی ناوچەكە پاشەكشە بكات.

كەشتیی (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن) یەكێكە لە گرنگترین فڕۆكەهەڵگرەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا، لە چوارچێوەی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی هاوپەیمانەكانی واشنتۆن (بەتایبەت ئیسرائیل) لە ناوچەی دەریای عەرەب و نزیك كەنداو جێگیر كرابوو. بوونی ئەم كەشتییە هەمیشە وەك هێمایەكی سەرەكیی بازووی سەربازیی ئەمریكا بەرامبەر ئێران بینراوە.

واشنتۆن و لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) بە توندی ئەم جۆرە بانگەشانەی ئێرانیان رەتكردووەتەوە. بەپێی سەرچاوە سەربازییەكانی ئەمریكا، هیچ بەڵگەیەكی سەربەخۆ یان بینراو نییە كە بیسەلمێنێت كەشتیی ئەبراهام لینكۆڵن یان تێكشكێنەرەكانی تری ئەمریكا بە مووشەكی ئێرانی پێكرابن یان زیانیان بەركەوتبێت. واشنتۆن دەڵێت مووشەكەكانی ئێران یان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێكشكێنراون یان نەیانتوانیوە لە ئامانجەكانیان نزیك ببنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو