هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت

عیراق 11:37 AM - 2026/10/27

ئەمڕۆ سێشەممە، 26هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدایە، دابەشبوونی ناوخۆیی قووڵ و ئاڵنگاریی سیاسی و ئەمنیی رووبەڕووی وڵاتەكە بوونەتەوە.

دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیل لە یەك ئەنجومەن پێكدێت، كە ناوی (كنێست)ە 120 ئەندامی هەیە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە دوای هێرشەكەكەی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 و هەڵگیرسانی جەنگی غەززە. نزیكەی 7 ملیۆن و 300 هەزار كەس لەپرۆسەكەدا مافی دەنگدانیان هەیە. 37 پارت و هاوپەیمانیی ركابەر بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن، دەنگدەران لە رێگەی لیستی كاندیدانی پارتەكانەوە دەنگ بە كاندیدانی پەرلەمان دەدەن و دەنگدەر تەنها دەتوانێت دەنگ بە یەك لیست بدات، پێشبینیش دەكرێت 13 پارت لە كنێست كورسی بەدەست بهێنن.

بۆ ئەم پرۆسەیە، نزیكەی 12 هەزار بنكەی دەنگدان لە سەرانسەری ئیسرائیل ئامادەكراون، بڕیار وایە بنكەكانی دەنگدان لە سەعات دەی شەو بەكاتی ناوخۆیی دابخرێن، دواتر خەمڵاندنە سەرەتاییەكانی ئەنجامەكان دەربچن، بەرلەوەی ئەنجامە رەسمییەكان رابگەیەنرێن.

سیستمی هەڵبژاردنیش یەك بازنەییە و تەواوی وڵاتەكە یەك بازنە دەبێت، لە بەر هەڕەشەی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردنەكە بە ئەلیكترۆنی ئەنجام نادرێت و بەدەستی ئەنجامدەدرێت.
هەڵبژاردنەكە گرنگییەكی تایبەتی هەیە، ئەوەش لەژێر رۆشنایی لێكەوتەكانی جەنگی غەززە و دابەشبوونە سیاسییە ناوخۆییەكان، لە ناوەڕاستی چاوەڕوانییەكان بۆ ئەوەی ئایا ئەنجامەكانی دەنگدانەكە رێگە بە نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئێستا دەدەن حكومەتێكی نوێ پێكبهێنێت، یان دەرگا لەبەردەم گۆڕانكاری لە سەركردایەتی ئیسرائیلدا دەكاتەوە.
ئەو پارتانەی دەتوانن بەربەستی 3.25%ـی دەنگەكان ببڕن دەچنە كنێستەوە. پارتی لیكود بە سەرۆكایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیران و پارتی "یاشار" كە بۆ یەكەمجار لە ژێر سەركردایەتیی گادی ئایزنكۆت، سوپاسالاری پێشوو ركابەری سەرەكین. راپرسییەكان ئەوە دەردەخەن كە یەشار دەتوانێت ببێتە گەورەترین پارت لە ئیسرائیل، دوای ئەوەی لیكود بۆ چەندین ساڵ زاڵ بوو بەسەر دیمەنە سیاسییەكاندا، دەنگی هاوڵاتییانی عەرەب-یش لە ئیسرائیل یەكلاكەرەوەیە.

ژمارەی زۆری پارتەكان وا دەكات تەنها یەك پارت بە سەربەخۆیی نەتوانێت زۆرینەی رەهای 61 كورسی كنێست بەدەستبهێنێت كە بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستە، هەربۆیە كاتێك دەنگەكان دەژمێردرێن، دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی دەستپێدەكەن.

سەرۆكی وڵات كە ئێستا ئیسحاق هێرزۆگە لە رووی یاساییەوە بەرپرسیارە لە راسپاردنی سەرۆكی ئەو لیستەی زۆرترین چانسی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی هەیە، بەپێی ئەو راسپاردانەی لەلایەن پارتەكانەوە پێشكەش دەكرێن.

جا لە ئیسرائیل، پەرلەمان دەكرێت پێشوەختە بە دەنگی زۆرینە هەڵبوەشێنرێتەوە، كە ئەمەش دیاردەیەكی باوە. وە لە بارودۆخی تایبەتدا، كنێست دەتوانێت بە دەنگی 80 ئەندام ماوەی كاركردنی لە چوار ساڵ زیاتر درێژ بكاتەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل لە تشرینی دووەمی 2022، رێژەی بەشداریكردن گەیشتە زیاتر لە 70%.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو