بانكی ناوەندیی عیراق: نزیكەی ملیارێك دۆلاری كاش گەیشتووەتە عیراق

عیراق 02:47 PM - 2026/10/27

بانكی ناوەندیی عیراق بڵاویكردەوە، یەدەگی عیراق لە 70 ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە 80 ملیار دۆلار و نزیكەی ملیارێك دۆلاری كاشیش گەیشتووەتە عیراق.

ئەمڕۆ، بانكی ناوەندی عیراق، بوژانەوە و بەرزبوونەوەی یەدەگی دۆلاری عیراقی بۆ نزیكەی 80 ملیار دۆلار لە ماوەی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا راگەیاند، هاوكات پەیامێكی دڵنیایی ئاڕاستەی هاووڵاتیان كرد لەبارەی بەردەستبوونی دۆلاری كاش و ئاماژەی بە بەردەوامیی گەیشتنی دۆلاری نوێی لە رۆژانی داهاتوودا كرد. وتەبێژی بانكی ناوەندی عیراق رایگەیاند، كۆی یەدەگی دراوی دۆلار، چ لە هەژماری بانكی ناوەندی بێت یان لە هەژماری حكومەت لە بانكی فیدڕاڵی، لە ماوەی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ساڵی 2026دا باشتر بووە دوای ئەوەی پێشتر بۆ 73 ملیار دۆلار دابەزیبوو، بەڵام ئێستا یەدەگەكە گەڕاوەتەوە بۆ نزیكەی 80 ملیار دۆلار. وتیشی، دۆخی یەدەگی زێڕ هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە و بڕەكەی لە 170 تۆندا ماوەتەوە.

وتەبێژی بانكی ناوەندی تەئكیدی لەوەكردەوە، باشبوونی یەدەگی دۆلار لەم دوو مانگەدا بەهۆی داهاتی هەناردەكردنی نەوت بووە كە گەیشتووەتە نزیكەی شەش ملیار دۆلار، ئەمەش ئاستێكی پەسەندكراوە لە سایەی قەیرانی ئێستادا.

ئاماژەی بەوەشكرد، گرفتە سەرەكییەكەی عیراق پشتبەستنی زۆرە بە نەوت وەك داهاتی گشتی و بۆ دابینكردنی خەرجییەكان، بەتایبەت موچە.
وتەبێژی وەزارەتی بانكی ناوەندی، داوای لە وەزارەتی دارایی كرد هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تر تا پشتبەستن بە یەدەگەكان كەمبكرێتەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران خۆی بە شێوەیەكی راستەوخۆ چاودێری گەیشتنی دۆلاری كاش دەكات، كە هەر فڕۆكەیەكی بارهەڵگر نزیكەی نیو ملیار دۆلاری تێدایە. وتیشی، دوو فڕۆكەی بارهەڵگر بەبڕی پێویستی دۆلاری كاش گەیشتوونەتە وڵات و لە رۆژانی داهاتوودا دۆلاری تری كاش دەگاتە عیراق.

وتەبێژی بانكی ناوەندی ئەوەشی خستەڕوو، گەیشتنی بەردەوامی دۆلاری كاش بەستراوەتەوە بە بارودۆخی ئەمنییەوە، چونكە هەڵگیرسانی هەر شەڕ یان ئاڵۆزییەك دەبێتە ئاستەنگ لەبەرامبەر دابینكردنی پاراستنی پێویست بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە پارانە كە هەر بارێكیان نیو ملیار دۆلارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو