تەرمی دوو لەو منداڵانەی لەو سێ منداڵەی خانەوادەكەی سلێمانی كە لەدەریایی ئیجە خنكان بەهەوڵی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی فڕۆكە خانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دواتریش بەرەو شاری سلێمانی بەرێكخران.
بڕیاریشە هەر لەشاری سلێمانی تەرمەكان بەخاك بسپێردرێن.
رۆژی 14ی ئەم مانگە، خێزانێكی پێنج كەسی دانیشتووی پارێزگای سلێمانی لە كاتی هەوڵی پەڕینەوەیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، لە نێوان سنوورە ئاوییەكانی توركیا و یۆناندا تووشی كارەسات بوون و سێ منداڵیان بەبەرچاوی خۆیانەوە خنكان. تەرمی دوو منداڵیان دۆزرایەوە، بەڵام تا ئێستا تەرمی منداڵەكەی دیكەیان نەدۆزراوەتەوە.
هەر ئەو كات نووسینگەی قوباد قوباد تاڵەبانی، خانەوادەكەی ئاگاداركردەوە كە تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەكان دەگرێتە ئەستۆ و هەوڵەكانیش بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەكەی تر بەردەوامە.