سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایدەگەیەنێت،بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لیژنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكەیان بۆ سنوورداركردنی چەك لە دەوڵەتدا.
سەباح نوعمان لە زاری حكومەتی فیدراڵەوە تەئكید دەكاتەوە لەوەی، ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی لە شنگال جێبەجێ دەكرێن، ڕێوشوێنی مەیدانی و سەربازین كە بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدایە. بە وتەی سەباح نوعمان،ئەو رێوشوێنانە بریتی بوون لە یەكخستنەوە و ڕێكخستنی یەكینەكانی پاراستنی شنگال لەناو هێزە چەكدارەكانی عیراق، و تەسلیمكردنی پێگەكانیان لە چیای شنگال بە یەكەكانی سوپای عیراق و پێكهاتەكانی تری هێزە چەكدارەكانیان بەپێی ئەرك و پسپۆڕییان.
ئەم فایلە بە یەكێك لە ئەركە تایبەتەكانی حكومەتی فیدراڵی و سەركردایەتی ئەمنی دادەنرێت.وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عیراق تەئكید دەكاتەوە لەوەی،حكومەتی فیدراڵی، بە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ حكومەتی خۆجێی لە قەزای شنگال، كار لەسەر فایلەكانی ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان و خێراكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و كۆتاییهێنان بە ئازارە سەختەكانیان لە كەمپەكانی ئاوارەبوون دەكات و دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی حكومەتێكی خۆجێی بۆ قەزاكە بە پێی یاسا.