گەورەترین سەنتەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسلێمانی بنیات دەنرێت
نەخۆشخانەی هیوای گەورە لەسلێمانی بنیات دەنرێت
بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ بنیاتنانی (نەخۆشخانەی هیوای گەورە) لەسەر بەرزترین ستاندارە جیهانییەکان کەگەورەترین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەفدێکی فەرەنسا گەیشتنە شاری سلێمانی.
سەرەتا وەفدەکە پارێزگای سلێمانی و نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) و نەخۆشخانەی هیوایان بەسەرکردەوە و پێکەوە تاوتوێی دانانی پلانی تۆکمە و ووردیانکرد، دواتر ئەو زەوییەش بەسەرکرایەوە کەبڕیارەکە نەخۆشخانەکەی لەسەر بنیاتبنرێت کەکەوتۆتە پارکی هەواری شار، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوردەکاریەکان کرد و بەڵێنی پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست درا لە بەڕێکردنی رێکارە کارگێرییەکان تا دانانی بەردی بناغەی (نەخۆشخانەی هیوای گەورە) بە زووترین کات جێبەجێبکرێت.
بۆ دەستپێکردن و بەجێگەیاندنی پڕۆژەکەش بۆردێکی پشتیوانی پێکهات لە بەڕێوەبەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، رێکخراوی CDOو کۆمپانیای دوارۆژ.
وەفدەکەی فەرەنسا ستایشی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەیان کرد کەلەنەخۆشخانەی هیوا پێشکەش دەکرێت و بەڵێنیاندا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا بەزووترین کات دەست بەپڕۆژەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە بکەن.