بڕیارە ئەمڕۆ سەعات 02:00ـی پاشنیوڕۆی، پەرلەمان عێراق بۆ دەنگدان بە سەرۆك و ئەندامی لیژنە هەمیشەییەكان كۆببێتەوە و سەرۆك و ئەندامانی 23 لیژنەی هەمیشەیی هەڵبژێرێت.
پەرلەمانی عێراق 23 لیژنەی هەمیشەیی هەیە و بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن، پۆستەكانی سەرۆك، جێگری سەرۆك، بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنەكان بەسەر لایەنەكاندا دابەش دەكرێن.
دانیشتنەكە دوای ئەوە دێت، دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆكایەتیی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەن و عەدنان فیحان و فەرهاد ئەترووشی، جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان كرد.
ئامانجی كۆبوونەوەكە ئامادەكاری بووە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبەرئەوەی تاوەكو ئێستا ناكۆكی لە نێوان فراكسیۆنەكاندا هەیە لەسەر دابەشكردنی پۆستی سەرۆكی لیژنەكان.
لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەت لە عیراق، یەكێك لە قۆناغە سەختەكانی نێو پەرلەمان، دابەشكردن و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانە. پەرلەمانی عیراق پێكدێت لە چەندین لیژنەی گرنگ، وەك لیژنەكانی دارایی، ئاسایش و بەرگری، نەوت و گاز لەگەڵ لیژنەی یاسایی. زۆرجار هێزە سیاسییەكان ململانێی تووند دەكەن بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتیی ئەم لیژنە هەستیارانە، چونكە رۆڵی سەرەكییان هەیە لە چاودێریكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت و داڕشتنی پرۆژەیاساكاندا.