بانكی ناوەندی جیاوازی نرخی دۆلار لەنێوان بانك و  بازاڕدا بۆ 9% دابەزیووە

کوردستان 06:19 PM - 2026/10/29

 نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق دەنگۆی چاپكردنی دراوی نوێ رەتدەكاتەوە و دەڵێت، هیچ جۆرە چاپكردنێكی دراو نییە و ئەو دەنگۆیانەی لەسەر چاپكردنی دراوی كاغەز و نەختینەیی بڵاودەكرێنەوە، ناڕاستن. سەبارەت بە نرخی دۆلاریش دەڵێت، پێشتر جیاوازیی نرخی دۆلار لەنێوان نرخی ڕەسمی بانكی ناوەندی‌و بازاڕ دەگەیشتە لەسەدا 24، بەڵام ئێستا ئەو جیاوازییە بۆ لەسەدا 9 دابەزیووە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە،  سەرۆك‌و ئەندامانی لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پەرلەمان، سەردانی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراقیان كردووە‌و تیایدا ئاماژەی بە رێكارەكانی بانكەكە كردووە بۆ پاڵپشتیكردنی ئابووریی عێراق، لەوانەش پشتگیریكردنی سەرجەم بانكە حكومی و ئەهلییەكان بۆ پێدانی قەرزی ئاسانكاری بە هاووڵاتییان، كە بڕەكەی لەنێوان 5 بۆ 15 ملیۆن دیناردایە.
لیژنەكەش تەئكیدی لە پێویستیی سنوورداركردنی لێكەوتەكانی نرخی ئاڵوگۆڕ لەسەر تێچووی پرۆژەكان، نرخی كەرەستەی خاو و توانای كڕینی هاووڵاتییان كردەوە. هەروەها داوای كردوە هاوسەنگی لەنێوان سەقامگیریی نەختینەیی و پاراستنی كەرتی وەبەرهێنان رابگیرێت و رێكارە داراییەكان بۆ وەبەرهێنەران ئاسان بكرێن تاوەكو بارگرانیی دارایی زیاتر دروست نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو