رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، ئێران لەرێگەی ژێردەریایی بچوكەوە چەك بۆ حوسییەكانی یەمەن دەگوازێتەوە، هەروەها پاڵپشتیی هەواڵگری و سەربازیی ئەو گرووپە دەكات كە بونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب.
بەپێی راپۆرتێكی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران ستراتیژییەكی نوێی بۆ گەیاندنی چەك بە حوسییەكان گرتوەتە بەر. دوای پەككەوتنی رێڕەوە دەریاییە ئاساییەكان، تاران پەنای بۆ بەكارهێنانی ژێردەریایی قەبارە بچوك بردووە تا چەك و كەرەستەی سەربازی بگەیەنێتە یەمەن بێ ئەوەی ئاشكرا ببێت.
سەرچاوەكان دەڵێن، ئەو تاكتیكە نوێیانەی كە حوسییەكان لە بەكارهێنانی موشەك و درۆندا پەیڕەوی دەكەن، بەڵگەی روونن لەسەر مەشق و راهێنانی راستەوخۆی سوپای پاسداران.هەر لە راپۆرتەكەدا باسلەوەكراوە ،پشتیوانییەكانی ئێران تەنها لە چەكدا كورت نابێتەوە، بەڵكو زانیاریی هەواڵگری و شارەزایانی سەربازیش دەگرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران هەمیشە دەستێوەردان لە یەمەن رەتدەكاتەوە، بەڵام حوسییەكان ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان دامەزراندووە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ گرووپەكانی تری سەر بە تاران. ئەم پەرەسەندنانە مەترسیی گەورەی بۆ سەر كەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازاڕی وزە دروستكردوە.
رۆژنامە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە،پشتیوانییە سەربازی و هەواڵگرییەكانی تاران بۆ حوسییەكان چوەتە قۆناغێكی نوێوە، بەكارهێنانی ژێردەریایی بچوك نیشانەی سووربوونی ئێرانە بۆ بەهێزكردنی تواناكانی ئەو گروپە تا هەڕەشەكانیان لە سەر دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب زیاتر بكەن.
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدایە كە رووبەڕووبونەوەكان لە یەمەن پەرەدەسەنن و نیگەرانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە كاریگەرییەكانیان لەسەر ئاسایشی رێگا دەریاییەكان، بازرگانی و دابینكردنی وزە زیادیانكردوە.