وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی 50 هەزار هاوبەشی رووناكی سوود لە داشكاندنی 50% وەربگرن، پارەی پسووڵەی مانگانەی رووناكییان، كە كۆی گشتی دەگاتە 20 ملیار دینار، گواستراوەتەوە بۆ قەرزی كۆن وەك بەشێك لە كارئاسانییەكانی پڕۆژەی رووناكی.
وەزارەتی كارەبا لەراگەیەندراوێكدا داوا لەهاوبەشانی دەكات، ئەمڕۆ سەیری هەژماری خۆیان لەئی-پسووڵە بكەن. ئەگەر قەرزی كۆن جارێكی تر لەهەژمارەكەیاندا دەركەوتووە، ئەوە مانای ئەوەیە كە پسووڵەی مانگانەی ڕووناكییەكە گواستراوەتەوە بۆ قەرزی كۆن، بۆ ئەوەی وەك هاوبەشێك سوودمەند بیت لە داشكاندنی 50%ـی كارەبا.
لە هەمان كاتیشدا، ئەگەر خۆت تۆمار كردبێت، لەڕێگەی كورتانەمەشەوە ئاگاداركراویتەتەوە كە ئەم داشكاندنە دەتگرێتەوە.ئەم بڕیارە تەنها بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێكراوە كە ماوەیەكی زۆر بوو پسووڵەیان بۆ نەهاتبوویەوە و ئێستا پسووڵەیەكی كەڵەكەبوویان بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی سوود لەم داشكاندنە وەرگرن. بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبا،هاوبەشان تا سەعات 12ی شەو كاتیان هەیە بۆ پارەدان و سوودوەرگرتن لە داشكاندنەكان.
ئەم راگەیەندراوە لە كاتێكدایە ،سەرجەم فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، تا ئێوارەی ئەمڕۆ لە پێشوازی هاوبەشانی كارەبا دەبن بۆ سوود وەرگرتن لە داشكاندنی سەدا 50 ، هاوكات هاوبەشانی كارەبا دەتوانن لە ڕێگای ئی پسوڵەوە قەرزی كارەباكەیان بە داشكاندنەكەوە تا سەعات 12ی شەو بدەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی تری وەزارەتی كارەبا ، دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیە، قەرزی كارەبای پێش پرۆژەی رووناكی دەبێتە قیستی مانگانە و لەگەڵ كرێی مانگانە وەردەگیرێتەوە و هاووڵاتییان پابەند دەكرێن بەوەی لە ماوەی 24 مانگدا واتە دوو ساڵدا ، تەواوی بڕی قەرزە كۆنەكانیان بەبێ چەند و چوون بدەنەوە.
واتە ئەگەر هاوبەشێك بڕی دوو ملیۆن دینار قەرزی كارەبای پێش رووناكی لابێت، دەبێت لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم پارەیە بداتەوە بە جۆرێك لە هەر مانگێكدا 83 هەزار و 300 دینار جگە لە پارەی پرۆژەی رووناكی پارەی ئەم قەرزەشی دێتە سەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت مانگانە 83 هەزار و 300 دینار بداتە حكومەت تا ئەو كاتەی حسابی قەرزە كۆنەكەی سفر دەبێتەوە.