پەرلەمانی ئێران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ مێهرداد ئەخلاقی وەك وەزیری نوێی بەرگریی وڵاتەكە پەسەند كرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە 23ـی مانگی ڕابردوودا لەلایەن مەسعود پزشكییانەوە بۆ ئەو پۆستە كاندید كرابوو.
لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا 277 ئەندام ئامادە بوون، ئەخلاقی توانی 237 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 15 دەنگی نەخێر متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت وەك وەزیری بەرگریی ئێران هەڵبژێردرا.
پۆستی وەزیری بەرگریی پێشتر لەلایەن عەزیز نەسیرزادەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام نەسیرزادە لە كاتی هێرشەكانی ئەمریكادا لە جەنگی 40 ڕۆژە كوژرا و دوای ئەویش مەجید ئیبن ڕەزا بە وەكالەت كارەكەی بەڕێوەدەبرد تاوەكو ئەخلاقی بە رەسمی هەڵبژێردرا.
مێهرداد ئەخلاقی یەكێك بووە لە بەڕێوەبەرە باڵاكانی وەزارەتی بەرگری و پێشتریش بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی پیشەسازییە ئاسمانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بووە.
مێهرداد ئەخلاقی لەدایكبووی ساڵی 1954ـە و لە ساڵی 2006ـەوە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی 1737ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا خرایە لیستی سزاكانەوە، ئەوەش بەهۆی رۆڵی لە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكیی ئێران لە سەردەمی بەڕێوەبردنی (گرووپی پیشەسازیی شەهید باقری). هەر لەو كاتەوە ئەخلاقی لە لیستی سزاكانی یەكێتیی ئەورووپا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاشدایە.