ژنێك چوو سكاڵا لەسەر مێردەكەی تۆماربكات بەوەی بێ رەزامەندی ئەم ژنی دووەمی هێناوە، بەڵام دواجار سكاڵاكە دەبێتە هۆی ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانی مێردەكەی و لە ئەنجامدا ژنەكەش بڕە پارەیەكی بەرچاو وەك پاداشت وەردەگرێت.
ژنێك كە دەزانێت هاوسەرەكەی كە كارمەندێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆیە، بە دزیی ئەوەوە هاوسەرگیری دووەمی كردووە،ژنەكە بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆی دەچێت سكاڵا لەسەر پیاوەكەی تۆمار دەكات.
لەسەر سكاڵای ئەم ژنە دەستەی دەستپاكی عیراق وردبینیی لە تۆمارە داراییەكانی ئەو كارمەندە دەكات،لێكۆڵینەوەكان ئاشكرایدەكەن ئەو پیاوە هەرچەندە كارمەندێكی ئاسایی بووە، بەڵام خاوەنی سامانێكی بەرچاوە كە لە ڕێگەی بەرتیلەوە بەدەستی هێناوە، بۆیە لە ئەنجامدا بەهۆی سكاڵاكەوە دەستەی دەستپاكی بۆی دەردەكەوێت ئەو كارمەندە گەندەڵی لە كارەكەیدا ئەنجامداوە و بڕیاردەدات سەدا پێنجی ئەو پارەیەی لە رێگەی بەرتیلەوە بەدەستهێنراوە بداتە هاوسەری پیاوەكە،ئەمەش وەك پاداشتێك بەرامبەر بەو سكاڵایەی كردوویەتی و بووەتە هۆی ئاشكرابوونی گەندەڵییەكە.
حكومەتی عیراق لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی، هەنگاوی كرداریی ناوە بۆ بەشداریپێكردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەی چاودێریدا.
لەم چوارچێوەیەدا، عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق، رێنمایی ئاراستەی دەستەی دەستپاكی كردووە بۆ كاراكردنی یاسای پاداشتی زانیاریدەرەكان بە ئامانجی هاندانی خەڵك بۆ راپۆرتكردنی كەیسەكانی گەندەڵی لە بەرامبەر وەرگرتنی پاداشتی دارایی، بەهۆی ئەم پاداشتەشەوە تا ئێستا زیاتر لە 26 هەزار راپۆرتی گەندەڵی گەیشتووەتە دەستەی دەستپاكی، بەتایبەتی لە دوای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان لە حوزەیرانی رابردوودا. ئەم راپۆرتانە بوونەتە هۆی وەرگرتنەوەی زیاتر لە یەك ترلیۆن و 352ملیار دینار لە سەروەت، سامان و خانووبەرەی تاڵانكراو.