لە چوارچێوەی پلانەكانی حكومەتی عیراق بۆ چاكسازیی بانكی و گۆڕانی دیجیتاڵی، بانكی ناوەندی عیراق بە شێوەیەكی رەسمی دەستپێكردنی سیستەمێكی نوێی ئەلیكترۆنی بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی گۆڕینەوەی دراوە كاشە تێكچوو و شێواوەكان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی نیشتمانیی ئور ڕاگەیاند.
ئەم پێشهاتە نوێیە ئامانجی سەرەكی نەهێشتنی رۆتینی ئیداری، كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە بەردەم بانكەكان و خێراكردنی پرۆسەی خزمەتگوزارییەكانە بۆ هاووڵاتیان. لەمەودوا هەر هاووڵاتییەك خاوەنی دراوێكی شێواو یان زیانلێكەوتوو بێت، دەتوانێت بە شێوەیەكی ئۆنلاین زانیارییەكان و وێنەی پارەكە تۆمار بكات، بەبێ ئەوەی پێویست بكات لەناو بانكەكان چاوەڕێبكات.
بەپێی رێنماییەكانی بانكی ناوەندی عیراق كە هاوپێچی بڕیارەكەیە، مامەڵەكردن لەگەڵ دراوە تێكچووەكان بەپێی قەبارەی زیانەكە بەم جۆرە دەبێت،ئەو پارانەی كە دڕانی كەمتر لە سێ سانتیمەتر یان بڕانی سووچێكی كەمتر لە دوو سانتیمەتریان هەیە و بە تیپ چاككراونەتەوە، بە تەواوی بەهای خۆیان و بێ چەند و چوون دەگۆڕدرێنەوە.ئەو دراوانەشی سووتاون و بەتوندی شێواون، لە كاتی وەرگرتنەوەیاندا بڕی سەدا 10 ی بەهاكەیان وەك غەرامەی سووو بەكارهێنان دەبڕدرێت بۆ بانك.سیستەمە نوێیەكە رێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە ساغكردنەوەی دراوی قاچاخ یان ساختە.
ئەگەر بڕی پارە تێكچووەكە لە نێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دیناردا بێت، پێویستە داواكارەكە بەڵگەی رەسمی وەك مووچەی فەرمانبەری یان مۆڵەتی كار بۆ نیشاندانی سەرچاوەی داهاتەكەی پێشكەش بكات.
بەڵام ئەگەر بڕەكە لە 25 ملیۆن دینار تێپەڕێت و بگاتە 100 ملیۆن دینار، بانك مەرجی پێشكەشكردنی سەنەدی خانوبەرە، گرێبەستی كۆمپانیا یان پشك دەسەپێنێت بۆ سەلماندنی ڕەوایەتی سەرچاوەی داراییەكە، بە پێچەوانەوە دۆسیەكە ڕەوانەی بەشی یاسایی دەكرێت.
ئەم هەنگاوە دیجیتاڵییە پێشوازییەكی زۆری لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە لێكەوتووەتەوە و وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ مۆدێرنكردنی كەرتی دراو لە عیراقدا سەیر دەكرێت.