ئەمڕۆ، دواین مۆڵەت و دەرفەتە بۆ هاووڵاتییان و خاوەن كارەكان تا سوودمەند بن لە ئۆفەری داشكاندنی سەدا 50 لە دانەوەی قەرزی كۆنی كارەبا كە پێش پڕۆژەی ڕووناكی لەسەریان كەڵەكە بووە. لە سبەینێوە ئەم دەرفەتە زێڕینە بە تەواوی كۆتایی دێت و لێخۆشبوونەكە نامێنێت.
بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، تا ئێوارەی ئەمڕۆ لە پێشوازی هاوبەشانی كارەبا دەبن بۆ سوود وەرگرتن لەو داشكاندنە ، هاوكات هاوبەشانی كارەبا دەتوانن لە ڕێگای ئی پسوڵەوە قەرزی كارەباكەیان بە داشكاندنەكەوە تا سەعات 12ی شەو بدەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا ، دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیە، قەرزی كارەبای پێش پرۆژەی رووناكی دەبێتە قیستی مانگانە و لەگەڵ كرێی مانگانە وەردەگیرێتەوە و هاووڵاتییان پابەند دەكرێن بەوەی لە ماوەی 24 مانگدا واتە دوو ساڵدا ، تەواوی بڕی قەرزە كۆنەكانیان بەبێ چەند و چوون بدەنەوە.
واتە ئەگەر هاوبەشێك بڕی دوو ملیۆن دینار قەرزی كارەبای پێش رووناكی لابێت، دەبێت لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم پارەیە بداتەوە بە جۆرێك لە هەر مانگێكدا 83 هەزار و 300 دینار جگە لە پارەی پرۆژەی رووناكی پارەی ئەم قەرزەشی دێتە سەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت مانگانە 83 هەزار و 300 دینار بداتە حكومەت تا ئەو كاتەی حسابی قەرزە كۆنەكەی سفر دەبێتەوە.