رێبوار تەها: ئێستا من بە وەكالەت پارێزگاری كەركووكم

کوردستان 03:00 PM - 2026/10/18

رۆژی یەكشەممە رێبوار تەها راگەیەندراوێكی بڵاوكرەوەو تیایدا هاتووە، تائەوكاتەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و لایەنە سیاسییەكان رێكدەكەون، من پارێزگاری كەركوك دەبم بەوەكالەت و ئامانجمان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كەركوكە بێ جیاكاریی.

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەپێی یاسا تا ئەوكاتەی ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە سیاسییەكانی كەركوك لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێك رێكدەكەون، من پارێزگاری كەركوك دەبم بە وەكالەت.

راشیگەیاند، تەئكید دەكەمەوە كە بەلای ئێمەوە پۆست گرنگ نییە، بەڵكو ئەوە گرنگە خەڵكی كەركوك هەستبكەن كە ئیدارەو حكومەتی خۆجێی كەركوك حكومەتی خۆیانە و خزمەتیان دەكات.

رێبوار تەها وتیشی: خەڵكی كەركوك هەموومان دەناسێت و دەزانێت لە شارەكە چۆن خزمەتمان كردووە و دەمانەوێت لەو خزمەتە بەردەوامبین.

رونیشی كردەوە: ئێستاو لەرابردووشدا كارمان كردووەو كار دەكەین بۆ خزمەتكردنی دانیشتووانی پارێزگای كەركوك و نابێت پارێزگاكە بكەوێتە بۆشایی كارگێڕییەوە، لەبەر ئەوە هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كەركوك بێ هیچ جیاكارییەك.

ئەوەش لەكاتێكدایە، رێبوار تەها، لە رۆژی 11ی 8ی 2024 ەوە تاوەكو 16ی 4ی 2026، لە پشكی كورد پارێزگاری كەركوك بووە و ئێستاش پارێزگاری كەركوكە بە وەكالەت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو