داهاتی نانەوتیی عیراق تا مانگی تەمموزی 2026 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025، بڕی یەك ترلیۆن و 700 ملیار دینار زیادیكردووە، ئەمەش گەشەیەك بە رێژەی 23.5% نیشان دەدات. سەرۆكی دەستەی چاودێریی تەرخانكردنی داهاتە فیدراڵییەكانی عیراقیش دەڵێت، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ دا هەرێمی كوردستان 383 ملیار دیناری گەڕاندووەتە گەنجینەی دەوڵەت.
سۆزان عەبدوڵا محەممەد سەرۆكی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانكردنی داهاتە فیدراڵییەكان لە وەزارەتی دارایی عیراق راگەیاند، بەپێی بڵاوكراوەی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ساڵی 2026، داهاتی نانەوتیی عیراق تا تەممووزی ئەم ساڵ گەیشتووەتە نزیكەی هەشت ترلیۆن و 700 ملیار دیناری عیراقی.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا نزیكەی حەوت ترلیۆن دینار بووە.سەرۆكی دەستەكە ئاماژەی بەوەكرد، داهاتە نانەوتییەكان نزیكەی 22%ی كۆی داهاتە فیدراڵییەكانی عیراق پێكدەهێنن تا مانگی تەممووزی 2026، ئەمەش هەنگاوێكە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتیی بە بودجەی گشتی بە داهاتی نەوت.
سۆزان عەبدوڵا روونیكردەوە: ئەم ژمارانە سەرەتایین و پێویستە پێش ئەوەی بەرەسمی پەسند بكرێن، لەگەڵ داتاكانی وەزارەتی دارایی و لایەنەكانی تر بەراورد بكرێن، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە و شێوازی كۆكردنەوە و خستنە ناو گەنجینەی دەوڵەت.
سەبارەت بە قەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بۆ گەنجینەی فیدراڵی، سەرۆكی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانكردنی داهاتە فیدراڵییەكان وتی: هەرێمی كوردستان لە یەكی كانوونی دووەم ئەم ساڵەوە تا 30ی مانگی تەمموزی ئەم ساڵ، 383 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی گەڕاندوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت،سۆزان عەبدوڵا راشیگەیاند،راگەیاندنی ئاڕاستەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 بەرەو زیادكردنی پشتبەستن بە داهاتە نانەوتییەكان و دامەزراندنی سندوقی گەشەپێدان و وزە ژینگەیەكی دامەزراوەیی دابین دەكات، كە بتوانێت پڕۆژەكانی ئابووری بازنەیی لەخۆبگرێت، ئەگەر وەك وەبەرهێنانی بەرهەمدار پۆلێن بكرێن نەك تەنها خەرجییەكانی خزمەتگوزاری.