پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، زیاتر لە 30 هاووڵاتی و دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، سەردانی نووسینگەی سلێمانیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانیان کرد، بە مەبەستی خستنەڕووی کێشە و گرفتە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکەیان.
لە میانی سەردانەکەیاندا، چەمچەماڵییەکان یاداشتێکی نووسراویان ئاراستەی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران کرد کە تەواوی داواکاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی سنوورەکەی لەخۆگرتبوو؛ داوایان کرد بەڕێز قوباد تاڵەبانی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانە بکات و بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی چەمچەماڵ تەرخان بکرێت.
هاوکات لە دیدارەکەدا، سوپاس و پێزانینی خۆیان گەیاندە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە پای هاوکاری و بەدەمەوەچوونی بەردەوامی خەڵکی سنوورەکە، بەتایبەت لە کاتی لافاوەکەی ساڵی پار، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە گەڕەکەکانی شارەکەدا، بەتایبەتی پڕۆژەی قیرتاوکردن و خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی 48ـەکان و گەڕەکی مامۆستایان.