شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق پشتڕاستی دەكاتەوە، بابەتی ئاڵوگۆڕی دۆلار و دراوی بیانی تەنیا پرسێكی دارایی و ئابوورییە و هیچ دەستێوەردانێكی ئەمنی لە بازاڕەكاندا نییە .
شانەكە لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ، رێنمایی كردووە كە بەڕێوەبردنی مەلەفی بەهای ئاڵوگۆڕی دراو بە تەواوی ملكەچی یاساكانی بازاڕ و هاوكێشەی دابینكردن و داواكارییە و دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە دارایی و دراوییەكان، لە پێشەنگی ئەوانەشدا بانكی ناوەندی عیراق ، تەئكیدیشی كردەوەتەوە لەوەی ئەم دۆسیەیە نابێت وەك پرسێكی ئەمنی بە هەر شێوەیەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە،هێزە ئەمنییەكان هیچ دەسەڵاتێكیان نییە دەستوەردان لە كڕین و فرۆشتن لە چوارچێوەی بازاڕەكاندا یان كاریگەری لەسەر بەهای دراوەكان بكەن، شانەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ بانكی ناوەندی عیراق رێكارەكانی دادگاییكردنی سەرپێچیكاران و بازرگانیكردن بە دراوی نایاسایی دەگیرێتەبەر ، بۆ رێگریكردن لە هەر هەنگاوێك، لە راگەیەندراوەكەدا تەئكیدیشكراوەتەوە لەوەی،بانكی ناوەندی تاكە قەوارەیە كە بەرپرسیارە لە چاودێریكردنی بانكەكان و رێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕ و فەرمانگەكان، و گرتنەبەری رێكاری كارگێڕی دژی سەرپێچیەكان.شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق،دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیان و بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن و داوایان لێدەكات بەردەوام بن لە چالاكییە دارایی و بازرگانییە یاساییەكانیان بە شێوەیەكی ئاسایی و بەبێ نیگەرانی.