سعود سەعدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆكی فراكسیۆنی حقوق، بە شێوەیەكی رەسمی سكاڵای یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق دژی بڕیارەكەی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار تۆماركردووە و دادگای فیدراڵیش دەڵێت لە چەند رۆژی داهاتوودا وادەی یەكەم دانیشتن دیاریی دەكەین.
سكاڵاكە دژی بڕیاری ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە كە تێیدا بەهای رەسمی دۆلار لە هەزار و 320 دینارەوە بۆ هەزار و 500 دینار بەرزكردەوە،
پەرلەمانتارەكەلە سكاڵاكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم بڕیارە پێشێلكاریی دەستووریی تێدایە، زیانی گەورە بە هێزی كڕینی هاووڵاتیان دەگەیەنێت، بژێوی چینە كەم دەرامەتەكان قورس دەكات و بارگرانی دارایی زیاد دەكات.
هەروەها داوای كردووە كە بڕیارەكە بخرێتە ژێر چاودێریی دەستووری و دادوەرییەوە.بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی پەرلەمانتارەكە، دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی وەرگرتووە و ڕایگەیاندووە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وادەیەك بۆ یەكەم دانیشتنی دادبینییەكە دیاری دەكات.
هاوكات لەگەڵ ئەم سكاڵایەدا، فراكسیۆنی حقوق داوای لەو هاووڵاتی و بازرگانانە كردووە كە بەهۆی گۆڕانكاریی بەهای دراوەكەوە زیانیان بەركەوتووە، پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ ئەوەی بە بەڵگەوە پاڵپشتیی دۆسیەكە بكەن لەبەردەم دادگادا.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی سێشەممەی رابردوو بڕیاریدا بە دەستكاریكردن و بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بۆ150 هەزار دینار و بانكی ناوەندییش نووسراوی بۆ سەرجەم بانك و ناوەندە داراییەكان كرد كە پابەندی بڕیارەكە بن.