ئەمڕۆ دووشەممە 12\10\2026 لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لە نووسینگەی سلێمانیی جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە مەبەستی پشتیوانیکردنی دارایی بانکی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تیمێکی تایبەتی بانکی ئەهلیی عیراقی (NBI) لەگەڵ زیاتر لە 25 وەبەرهێنەر و خاوەن پڕۆژەی سنووری سلێمانی و دەورووبەری کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی راسپاردەکانی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ وەبەرهێنەران کرا کە لە ''لووتکەی سلێمانی'' دا پێشکەش کران.
تێیدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی لە رێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە قەرز و ئاسانکاریی پێویست پێشکەش بە خاوەن پڕۆژەکان بکرێت، تا بتوانن بە شێوازێکی باشتر کارەکانیان ئەنجام بدەن.
هاوکات گفتوگۆ لەسەر پێدانی قەرزی خانووبەرە بە شێوازی نەختینەیی بە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی بواری نیشتەجێبوون کرا، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی، کشتوکاڵی و بوارەکانی دیکە.
ئەم بیرۆکانە بە تەواوی لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، بە ئامانجی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتییان تاوەکو بە شێوازێکی ئاسان ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان، و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران تا بە پشتبەستن بە سەرمایەی بانکە ئەهلییەکان، ئاستی کار و پڕۆژەکانیان لە سنوورەکە بەرز بکەنەوە.