عەلی زەیدی: هەر خێزانێك خانووی نەبێت زەوییەك وەردەگرێت و حكومەت لە دروستكردنیدا هاوكاری دەكات

عیراق 11:03 PM - 2026/10/10

عەلی زەیدی: هەر خێزانێك خانووی نەبێت زەوییەك وەردەگرێت و حكومەت لە دروستكردنیدا هاوكاری دەكات 
عەلی زەیدی، سەرۆكی وەزیرانی عیراق تەئكید لەوەدەكاتەوە، هەر خێزانێك خاوەنی خانووی تایبەت بە خۆی نەبێت، سەنەد یان "تاپۆ"ی زەوییەك وەردەگرێت و حكومەتیش لە پرۆسەی دروستكردنیدا هاوكاریی دەكات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، عەلی زەیدی لە پارێزگای كەربەلاوە پرۆژەی یەك ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون "دەستپێشخەریی نیشتمانی"ی راگەیاند، كە 60 هەزار پارچە زەوی لەخۆدەگرێت و وەك پشكی ئەو پارێزگایە دیاری كراوە.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران لە وتارێكیدا لە كاتی راگەیاندنی پرۆژەكدا ئاماژەی بەوە كرد، سەردانەكەی تەنها بۆ دانانی بەردی بناغە نییە، بەڵكو بۆ چەسپاندنی مافێكە كە هاووڵاتیی عیراقی ساڵانێكە چاوەڕێی دەكات. وتیشی، هەڵبژاردنی كەربەلا بۆ راگەیاندنی پرۆژەكە لەبەر ئەوەیە كە شارەكە سیمبولی چاكسازییە.
دەربارەی هەنگاوەكانی داهاتوو، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای كرد كە پارێزگای نەجەف دەبێتە وێستگەی دووەمی راگەیاندنی پرۆژەكە و بەدوایدا نەینەوا و پارێزگاكانی تر دێن. تەئكیدی لەوەكردەوە، لە قۆناغی داهاتوودا دابەشكردنی تاپۆكان دەست پێدەكات و ئەمەش بەڵێنێكە كە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، چونكە دەیەوێت هەر هاووڵاتییەكی عیراقی لە خانووی تایبەتی خۆیدا بژی و رزگاری ببێت لە نیگەرانی و بارگرانیی كرێچێتی. تەئكیدیشی لەسەر ئیرادەی حكومەت كردەوە بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژانە لە ماوەی كاركردنیدا و ئاماژەی بەوە دا زەوییەكان بە شێوازێكی رێكخراو سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان بۆ دابین دەكرێت، هەروەها باسی لەوەكرد، ئەم دەستپێشخەرییە هیچ تێچوویەك ناهێنێتە سەر بودجەی گشتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو