وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور رایگەیاند، بارك كی-تشانغ، باڵیۆزی وڵاتەكەی لە ئۆكرانیا گەڕاوەتەوە بۆ سیئۆل. هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مانگی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لەبەردەم كۆمەڵی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی دوو سەربازی كۆریای باكووری رادەستی كۆریای باشوور كردووە، كە لە جەنگی رووسیا بە دیل گیرابوون.
ئەمەش تووڕەیی لێپرسراوانی سیئۆلی لێكەوتەوە، چونكە پێیانوایە زێلینسكی رێككەوتنێكی بە نهێنی هێشتنەوەی ئەو بابەتەی پێشێلكردووە. كۆریای باشوور نیگەرانە لەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە خێزانی دیلەكان بخاتە مەترسییەوە.
لە كاردانەوەی ئەو رووداوەدا، سیئۆل باڵیۆزی ئۆكرانیای بانگهێشت كرد و هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتری كرد، بەبێ ئەوەی سروشتی رێوشوێنەكان دیاری بكات.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاند، دڵنیاین دیپلۆماسی دەبێت بەسەر سۆزدا زاڵ بێت. وتەبێژەكە هیوای خواست دیالۆگێكی بنیاتنەر لەگەڵ سیئۆل دەست پێ بكەنەوە.