هاووڵاتیانی عەرەبی هەردوو گەڕەكی غوێران و نەشوە، لەژێرناوی جێبەجێكردنی سەروەریی دەوڵەت، هەڕەشەی جۆراوجۆر لە كوردانی حەسەكە دەكەن و لە خۆپیشاندانەكانیاندا سووكایەتی بە هاووڵاتیان و هێزە كوردییەكانیش دەكەن.
ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەكاتێكدا ئیدارەی حەسەكە، بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی پارێزگاكە ئامادەكاریی بۆ هەڵكردنی ئاڵای سوریا لەبەردەم باڵەخانەی دادگای شارەكە دەكرد، جارێكی تر بەشێك لە عەرەبەكان كۆبوونەوە و هەڕەشەیان لە كورد كرد. دوای كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانی عەرەبەكان، ژمارەیەك گەنجی كورد دژی سووكایەتیكردن بە ڕەمزەكانیان خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام لە خۆپیشاندانەكەدا ئاڵۆزی دروستبوو و هێزە ئەمنییەكان بەبێ جیاوازی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی كورد كرد و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون و زیانیش بەر ژمارەیەك ئۆتۆمبێل كەوت.
دوای نوێژی هەینی، جارێكی تر بەشێك لە هاوڵاتییانی عەرەبی ئەو دوو گەڕەكەی حەسەكە، خۆپیشاندانیان كردەوە و بەنیازبوون بچنە ناو گەڕەكە كوردنشینەكان و گۆڕەپانە گشتییەكانی شارەكە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆوە ڕێگرییان لێكرا، ئێستاش هێزێكی زۆری ئەمنی لە شارەدا جێگیركراون.
لەدوای دروستبوونی گرژییەكانیش، نورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەكە پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، دەربڕینی بیروڕا و داواكاری مافێكی ڕەوایە كە بەیاسا مسۆگەر كراوە و بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە گوێ لە دەنگی ئێوە دەگرین، بەڵام لەناوبردنی موڵك و ماڵی گشتی یان بەشداریكردن لە ڕووبەڕووبوونەوەكاندا خزمەت بە دۆزی تۆ ناكات، بەڵكو زیان بە ئاسایشی كۆمەڵگا دەگەیەنێت.