قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە دانیێل كرێبهر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە (5/10/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەپێزانینەوە ئاماژەیدا بە هاوکارییەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی کارکردنی زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە دەرگای هەرێمی کوردستان بەڕووی وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیادا کراوەیەوە و حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتەدا بکات.