ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، كیێڤ بە هیچ شێوەیەك مەدەنییەكان ناكاتە ئامانج، بەڵام لە وەڵامی سیاسەتی نوێی مۆسكۆ بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بەمەبەستی ناچاركردنی دانیشتووانی كیێڤ و شارەكانی دیكە بۆ چۆڵكردنی شوێنەكانیان، هێرشەكانیان بۆ سەر پاڵاوگەكانی نەوتی رووسیا چڕتر دەكەنەوە.
رۆژی یەكشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی ئۆكرانیا بەڵگەنامەی دەستكەوتووە كە دەیسەلمێنێت ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی روسیا سیاسەتێكی نوێی بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەكان پێش هاتنی وەرزی زستان پەسەند كردووە، زێلینسكی وتیشی، لە بەڵگەنامەكاندا دەركەوتووە، پووتین مۆڵەت بە سوپا دەدات هێرش بكەنە سەر ژێرخانی وزە، خزمەتگوزارییەكانی لۆجستیك، رێگەوبان، قوتابخانە و نەخۆشخانەكانی ئۆكرانیا، ئەمەش بە ئامانجی فشارخستنە سەر خەڵك بۆ ئەوەی پایتەخت و شارە جیاوازەكان چۆڵ بكەن.
بەوتەی سەرۆكی ئۆكرانیا، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنەی روسیا ئەوەیە پووتین دەیەوێت لەو كاتەی سوپاكەی لە ناوچەیەكی ستراتیژیی هێڵی بەرگری خاك لەدەست دەدات و زیانی مرۆیی زیاتری پێ دەگات، وەك سەركردەیەكی بەهێز دەربكەوێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێكدا بۆ هاندانی هاووڵاتییە بیانییەكان بە مەبەستی جێهێشتنی كیێڤ رایگەیاند، مۆسكۆ بەردەوام دەبێت لە بۆردومانكردنی ئامانجەكان وەك وەڵامێك بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند مانگی رابردوودا ئۆكرانیا كردوویەتییە سەر رووسیا، هەردوو لا رەتیدەكەنەوە ئامانجیان مەدەنی بێت.
زێلینسكی ئاشكرایكرد، ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی ئۆكرانیا كە ناوی نهێنیی ڤیڤاڵدی لێنراوە بەردەوامە و هێزەكانیان توانیویانە دەست بەسەر نزیكەی 140 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا دابگرنەوە، كە ئەو ناوچەیەیە روسیا كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی بە مەرجی سەرەكی بۆ هەر رێككەوتنێكی ئاشتی داناوە.