وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) بڕی ئەو دەرماڵە داراییەی زیادكرد كە سەربازانی ئەمریكی لە ناوچەكانی پێكدادان و بەرەكانی جەنگدا وەریدەگرن، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەكان لەگەڵ ئێران.
شۆن پارنێڵ وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، بڕیارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی رێكارە نوێیەكان، ئەو سەربازانەی راستەوخۆ رووبەڕووی تەقە دەبنەوە، دەرماڵەكانیان بۆ بەرزترین ئاست كە مانگانە 450 دۆلارە بەرزكرایەوە. هاوكات دەرماڵەی مەترسیی تاكەكەسی بۆ ئەو سەربازانەی لە ناوچەكانی پێكداداندا خزمەت دەكەن، بۆ 275 دۆلاری مانگانە زیاد كرا؛ لە كاتێكدا پێشتر بەرزترین ئاست بۆ هەردوو دەرماڵەكە 225 دۆلار بوو لە مانگێكدا.
ئەم بڕیارەی پێنتاگۆن هاوكاتە لەگەڵ خۆلادانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بەكارهێنانی دەستەواژەی جەنگ بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەكانی دژی ئێران، ترەمپ جەنگەكەی بەوە وەسفكردبوو كە شتێكی ئەوتۆ و گەورە نییە، سەرەڕای ئەوەی هێرشە پچڕپچڕەكان بەردەوامن و لە هەندێك حاڵەتدا برینداربوونی سەربازانی ئەمریكی لێكەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، لە دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە جەنگی ئێرانیان دەستپێكرد، 18 سەربازی ئەمریكی كوژراون و زیاتر لە 860 سەربازی تریش بریندار بوون.