عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت،بە كۆتاییهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عیراق سەروەریی خۆی بەدەستهێناوە و دەوڵەت خاوەنی بڕیاری خۆیەتی، پارێزگاری لە خاك و ئاسمانی خۆی دەكات و چەك تێیدا لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندایە.
سەرۆكوەزیرانی عیراق لە وتارێكدا بەبۆنەی یادی 94 ساڵەی سەربەخۆیی عیراق و وەرگیرانی وەك ئەندام لە كۆمەڵەی نەتەوەكان رایگەیاند،عیراق بە یەكڕیزیی رۆڵەكانی لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكانەوە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانی داهاتوو.عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان لە عیراق كرد و وتی: لە 30ـی ئەیلوولی 2026، دەوڵەتی عیراق سەروەریی خۆی بە كۆتاییهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تەواو كرد، هاوكات سەرەڕای ئاڵنگارییە سەختەكان، عیراق بەردەوامە لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی دەرەكیی هاوسەنگ كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت و پەیوەندییەكانی لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش دادەمەزرێنێت.
سەرۆكوەزیرانی عیراق باسی لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەش كرد و روونیكردەوە كە لە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزدا بەرپرسیارێتییان لەئەستۆ گرتووە و توانیویانە ئاسایش، سەروەری و بڕیاری سەربەخۆی عیراق لە لێكەوتەكانی ململانێكانی ناوچەكە بپارێزن.لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، سەرۆكوەزیرانی عیراق تیشكی خستە سەر بەرنامە ئابوورییەكانی حكومەتەكەی و رایگەیاند، كار دەكەن بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات، بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی كار.راشیگەیاند شێوازی دارایی دەوڵەت دەگۆڕن بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام تا خەرجییەكانی حكومەت راستەوخۆ بەستراوە بن بە ئەنجام و بەرهەمەوە.
عەلی فالح زەیدی بەڵێنیدا كە بەردەوام دەبن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ ئەوەی عیراق ببێتە ناوەندی بازرگانی، وزە و پردی بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا. هەروەها جێبەجێكردنی دەستپێشخەریی دابەشكردنی یەك ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون، دامەزراندنی سندووقی نەوەكان بۆ مسۆگەركردنی داهاتووی دارایی نەوەكانی داهاتوو و دروستكردنی شارە ئابوورییەكان و بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، سەرۆكوەزیرانی عیراق داوای پاراستنی یەكڕیزیی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی وڵاتەكەی كرد و دووپاتیكردەوە: گەورەترین شت ئەمڕۆ پێویستیان پێی بێت، پاراستنی یەكڕیزییانە لە نیشتمانێكدا كە جێگەی هەمووانی تێدا دەبێتەوە و بەڵێنیشدەدەن بەرژەوەندیی عیراق لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت.