پەڕەی یەكەمی هەموو رۆژنامەكانی بەریتانیا بە وێنەی ئاندی بێرنهام، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داگیركرا، ئەوەش دوای وتارەكەی لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتی كرێكاران و راگەیاندنی سێ گۆڕانكاری گەورە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی بەریتانیادا.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەیەوێت گۆڕانكاریی لە سیستمی خانەنشینی و چاودێری كۆمەڵایەتی بكات، هەروەها گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە سیستمی دەنگدانی بەریتانیادا بكات.
یەكێك لە گۆڕانكارییەكان گۆڕانكارییە لە سیستمی خانەنشینی دەوڵەت. بەپێی پلانەكەی بێرنهام، گۆڕانكارییەكە تا نیسانی 2030 ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەش بۆ ئەوەیە سەرۆك وەزیرانی مانیفێستۆی پارتەكەی پێشێل نەكات.
ئاندی بێرنهام لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر پارتەكەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو سەركەوتوو بن ئەوا گۆڕانكارییەكان لە سیستمی خانەنشینی دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە و بەوشێوەش نزیكەی ساڵانە 15 ملیار پاوەند بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، ئەو بڕە تا 2050 دەگاتە 50 ملیار پاوەند.
ئەو پارەی لە گۆڕانكارییەكان لە سیستمی خانەنشینی دەستدەكەوێت، دەخرێتە خزمەت خزمەتی چاودێری نیشتیمانی.
یەكێكی دیكە لەو گۆڕانكارییانەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بانگەشەی بۆ دەكات گۆڕانكارییە لە سیستمی هەڵبژاردنەكاندا، وەك خۆی دەڵێت: كار دەكەین بۆ ئەوەی سیستمێك هەبێت هەموو دەنگەكان هەژمار بكرێن و هەموو دەنگەكان ببیسترێن.
دواین گۆڕانكاریش بەپێی وتەكانی بێرنهام، گۆڕانكارییە لە سیاسەتەكانی دەرەوەی بەریتانیا بە دووبارە دەستكردن بە گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەك بژاردە لەوانە دووبارە رۆشتنەوە بۆ یەكێتی ئەوروپا و دووبارە بەشداربوونەوە لە یەك بازاڕی هاوبەش لەنێوانیاندا.