گومانی رفاندنی فڕۆكەیەك هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلی چالاك كرد

عیراق 11:30 AM - 2026/09/30

 بەپێی راپۆرتی میدیا ئیسرائیلییەكان، رۆژی چوارشەممە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای فلای دوبەی كە نزیكەی 150 سەرنشینی ئیسرائیلیی تێدابوو، لە كاتی گەشتەكەیدا لە دوبەیەوە بۆ تەلئەڤیڤ، ئاماژەی مەترسی و گومانی رفاندنی نارد، بەو هۆیەوە ئیسرائیل دوو فڕۆكەی جەنگیی بۆ چاودێریكردنی رەوانە كرد.

بەگوێرەی زانیارییەكان، فڕۆكەكە كاتژێر 7:05ـی بەیانی لە دوبەیەوە فڕیوە و بڕیار بووە كاتژمێر 9:30 بگاتە فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ. 

میدیای ئیسرائیل دەڵێت، دوای نزیكەی 90 خولەك لە فڕینی و كاتێك چووەتە نێو ئاسمانی ئوردن، فڕۆكەكە كۆدی 7700ـی ناردووە كە ئاماژەیە بۆ باری لەناكاو، دواتریش كۆدی 7500ـی ناردووە كە بۆ حاڵەتی دەستوەردانی نایاسایی و گومانی رفاندن بەكاردێت.

بەگوێرەی زانیارییە نارەسمییەكان، دوای ناردنی ئەو كۆدانە، فڕۆكەكە ئاراستەكەی گۆڕیوە و بە خێرایی گەڕاوەتەوە نێو ئاسمانی سعودیە و لە بەرزاییەكی كەمتردا فڕیوە.

میدیای ئیسرائیل دەڵێ، دوای رووداوەكە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەمنییان رێكخست.
دوو فڕۆكەی جەنگیی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەپەلە رەوانە كران بۆ ئەوەی یاوەریی فڕۆكەكە بكەن تاوەكو هۆكاری ناردنی ئاماژەكان روون دەبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێكی ئەمنیی ئیسرائیل دڵنیایی داوە، رووداوەكە مەرج نییە رفاندن بێت و وتوویەتی: هیچ زانیارییەكی یەكلاكەرەوە لەسەر روودانی رفاندن نییە. تەنیا ئەوەیە كە فڕۆكەوانەكە ئاماژەی دۆخی لەناكاوی چالاككردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو