عەجاجی نوگرەسەلمان لەسەر دۆسیەی ئەشكەنجەدانی كوردانی فەیلی دادگایی دەكرێتەوە

عیراق 11:36 AM - 2026/09/27

عەجاج ئەحمەد حەردان، بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان كە سزای لەسێدارەدانی هەیە، لەسەر دۆسیەیەكی نوێی تاوان دژ بە كوردانی فەیلی دادگایی دەكرێتەوە.

دادگای لێكۆڵینەوە لە بەغداد دەستی بە وەرگرتنی وتەی سكاڵاكاران كردووە، ئەوەش دوای پێشكەشكردنی بەڵگەی سەلمێنەر لەسەر بەشداریكردنی ناوبراو و چەند ئەفسەرێكی تری  بەعس لە ئەشكەنجەدانی زیندانییە فەیلییەكاندا.

بە پێی وتەی پارێزەری دۆسییەكە،لە 8ی ئەم مانگە لە دادگای تاوانەكان لە بەغداد سكاڵا لەسەر عەجاج و چەند ئەفسەرێكی تر تۆماركراوە.سكاڵاكارەكان دوو هاووڵاتی كوردی فەیلین و بە بەڵگەی یاسایی دەیسەلمێنن كە لەلایەن عەجاج و ئەفسەرەكانی رژێَمی پێشووەوە سزادراون و ئەشكەنجە دراون.

دادگای لێكۆڵینەوە لە بەغداد بە رەسمی دەستی بە وەرگرتنی وتەی سكاڵاكارەكان كردووە بۆ پێدانی رێڕەوی یاسایی بە دۆسیەكە.پارێزەرەكە ئاشكرای كرد كە عەجاج لە كاتی دادگاییكردنیدا لەسەر تاوانی ئەنفال، دانیناوە بەوەی لە زینداندا ئازاری كوردە فەیلییەكانی داوە.

عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە عەجاجی نوگرەسەلمان، لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیركرا و دواتر لە 14ـی ئایاری 2026 لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغداد، دوای وەرگرتنی وتەی شاهیدحاڵەكان و دانپێدانانی بە تاوانەكانیدا، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. دواتر لە دووی تەممووزی 2026 دا، دادگای پێداچوونەوە سزای لەسێدارەدانەكەی پەسەند كرد و دۆسیەكە بۆ جێبەجێكردن ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆماركرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو