ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 4 رۆژ بكاتە پشووی رەسمی بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە خاكی عێراق.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە رۆژی چوار شەممە 30 ئەیلولی 2026 تاوەكو رۆژی شەممە سێی تشرینی یەكەمی 2026 دەوامی رەسمی لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دەكرێتە پشوو، بەبۆنەی رۆژانی سەروەری كۆماری عێراق.
بڕیارە لە 30ی ئەیلولیی 2026دا كشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەكان لە عێراق ڕابگەیەندرێت، ئەوەش دوای ڕادەستكردنی سەرجەم بنكە و كەمپەكانیان بە لایەنی عێراقی.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشتر ڕێنمایی داوەتە سەرجەم وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان كە هەنگاوی پێویست بنێن، بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی ڕاگەیاندنی حكومەت، بۆ یادكردنەوەی "رۆژی سەروەری عێراق".
دیاریكردنی ماوەی نێوان 30ی ئەیلول تا 3ی تشرینی یەكەم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە وەك رۆژانی سەروەری، بەستراوەتەوە بە دوو رووداوی سیاسی و مێژوویی، یەكەمیان، رۆژی 30ی ئەیلوول هاوكاتە لەگەڵ ئەو وادە رەسمییەی كە لەڕێگەی دانوستانەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان بەغداد و واشنتۆن دیاریكرا بۆ كۆتاییهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و رادەستكردنی بنكە سەربازییەكان بە هێزە ئەمنییەكانی عیراق. حكومەتی عیراق ئەم وادەیە وەك وەرچەرخانێكی مێژوویی و هەنگاوی چەسپاندنی تەواوەتیی سەروەریی خاكی عیراق پێناسە دەكات.
هەروەها رۆژی 3ی تشرینی یەكەم لە ساڵنامەی رەسمی عیراقدا بە رۆژی نیشتمانی هەژمار دەكرێت، ئەمەش بەبۆنەی ساڵیادی كۆتاییهاتنی داگیركاری بەریتانیا و راگەیاندنی سەربەخۆیی عیراق و پەیوەستبوونی بە كۆمەڵەی گەلان لە 3ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1932دا.
عێراق و ئەمەریكا لە ئەیلولی 2024 ڕێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی قۆناغبەندی بۆ گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەوە بۆ هاوبەشی دوولایەنە.
قۆناغی یەكەمی ئەركەكە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ كۆتایی هات، هاوكات هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان مانەوە بۆ پشتیوانیكردن لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی ئەو گروپە لە سوریا. بڕیارە قۆناغی دووەم تا كۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٦ تەواو بێت.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 بۆ هاوكاریكردنی هێزە عێراقییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێكهێنرا، كە لەو كاتەدا ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراق و سوریای كۆنترۆڵكردبوو. دواتر ئەركی هاوپەیمانییەكە بە پلەی یەكەم گۆڕا بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژكاری و پێشكەشكردنی پشتیوانی هەواڵگری، لە كاتێكدا بەغدا پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە هێزەكانی ئێستا توانای ئەوەیان هەیە بەرپرسیارێتی ئاسایش و بەدواداچوونی شانەكانی داعش لە ئەستۆ بگرن.
هەر دوێنێش عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە وتارێكدا لە 81ـەمین خولی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك رایگەیاند، لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیوەندیمان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەكانمان لە هاوكاریی سەربازییەوە دەگوازینەوە بۆ هاوكاریی ئابووری و گەشەپێدان؛" هەروەها داوای لە وڵاتان كرد چاودێریی سنوورەكان بكەن و رێگە لە ژینگەی گەشەسەندنی تووندڕەوی بگرن