فرۆشتنی گۆشتی بەراز متمانەی هاووڵاتیانی عیراق بە گۆشتفرۆشان لەق دەكات

عیراق 10:14 AM - 2026/09/27

دەستگیركردنی قەسابێك لە پارێزگای نەجەف و بوونی چەند حاڵەتێكی نا ئاسایی، بووتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێكی بەربڵاو لە ترس و دڵەڕاوكێ و نەمانی متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشان لە سەرانسەری عیراقدا.

لە شارێكی وەك نەجەف، كە مۆركێكی دێرین و ئایینی قووڵی هەیە، بازاڕی گۆشتفرۆشان هەمیشە شوێنی جێگەی متمانەی خەڵك بووە؛ جا بەردەوام خەڵك نەك تەنها بۆ كڕینی خۆراك، بەڵكو بۆ پاراستنی بیروباوەڕ و حەڵاڵی سەر خوانەكانیان روویان تێدەكرد. بەڵام دوو هەفتەیەك لەمەوبەر، هەواڵێك تەواوی شار و وڵاتی هەژاند و ئەو متمانە مێژووییەی بە چەند چركەیەك لەناوبرد.

هەموو شتێك لە كەناری زۆنگاوەكانی كوفەوە دەستی پێكرد. قەسابێك، كە ساڵانێك بوو لەبەردەم كڕیارەكانیدا سوێندی بە پاكی و حەڵاڵی گۆشتەكەی دەخوارد، پیلانێكی تاریكی داڕشتبوو. ئەو بە دزییەوە بەرازی كێوی لەوێ راو دەكرد و گۆشتەكەی دەهێنایە ناو دوكانەكەی و دەیخستە ناو ئامێری قیمەكردنەوە. ئەم گۆشتفرۆشە لەژێر تیشكی گڵۆپە سوور و رەنگاورەنگەكانی دوكانەكەیدا، گۆشتی "حەرامكراو"ی لەگەڵ كەمێك چەوری گادا تێكەڵدەكرد و دەیكردە قیمەیەك كە چاو نەیدەتوانی فێڵەكەی ئاشكرا بكات.

جا ئەم گۆشتفرۆشە ئەو گۆشتەی وەك "قیمەی ناسكی تازە" نەك تەنها بە هاووڵاتیان، بەڵكو بە چەندین چێشتخانەی سنوورەكە دەفرۆشت و ریكلامێكی زۆری بۆدەكرد. بەڵام كورد وتەنی فێڵ و تەڵەكەبازی تەمەنی كورتە و زوو یان درەنگ راستییەكان روون دەبنەوە، هێزە ئەمنییەكان و چاودێری تەندروستی دوای بەدواداچوونێكی ورد، رۆژێك قەسەبەكەیان بە دوو بەرازی راوكراوەوە دەستگیر كرد و دەستیشیان بەسەر ئەو گۆشت و قیمەیەدا گرت كە لەدوكانەكەیدا بۆ فرۆشتن دانرابوو. لەو رۆژەوە ڤیدیۆی ساتی دەستگیركردنی قەسابەكە و دۆزینەوەی گۆشتەكان وەك ئاگر لە كای كۆندا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە.

خەڵكی كاتێك ریكلامە كۆنەكانی ئەو قەسابە دەبینن كە تێیدا سوێندی دەخوارد، تووشی شۆكێكی دەروونی گەورەدەبن. پرسیاری یەكەمی ئەوان ئەوەیە: "ئەی خوایە، ئێمە چی كاتێك و چەندمان لەو گۆشتە خواردووە؟!. دوای دەستگیركردنی دادگای تاوانەكانی نەجەف بەپەلە هاتە سەر هێڵ و سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر قەسابەكەدا سەپاند، بەڵام سزاكە نەبووە هۆی هێوركردنەوەی شەقامی عیراقی.

ترسەكە گشتگیرتر بوو، بەتایبەت كاتێك لە چەند شارێكی تریش دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی گوێدرێژ و ئاژەڵی تۆپیو بڵاوبووەوە. ئەمانە هەموویان پێكەوە وایانكردووە، بازاڕەكانی گۆشت لە نەجەف و سەرانسەری عیراق بێدەنگییەكی تەواو  باڵیان بەسەردا بكێشێت. لەم كاتەدا متمانەی نێوان هاووڵاتی و گۆشتفرۆش و قەسابەكان لەق بووە.

هاووڵاتییان ئێستا بە گومانەوە سەیری تەختەی گۆشت بڕینەكان دەكەن؛ زۆرینەیان ئامادە نین قیمەی حازر بكڕن، ئەگەر كەسێكیش بیكڕێت، داوا لە گۆشتفرۆشەكە دەكات پارچە گۆشتە ساغەكە لەبەردەم چاوی خۆیدا ببرێت و بیخاتە ناو ئامێرەكەوە یان وەسڵی كڕینەكەی نیشان بدات، زۆرێكی تریش بە تەواوی پشتیان لە گۆشتی سوور كردووە و روویان لە كڕینی مریشك و ماسی كردووە.

دۆسییەی قەساب یان گۆشتفرۆشەكەی نەجەف تەنها چیرۆكی تاوانێكی ئاسایی نییە، بەڵكو وانەیەكی تاڵە و دەیسەلمێنێت كە چۆن تەماحكاری دەتوانێت متمانەی چەندین ساڵەی كۆمەڵگەیەك لەبارببات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو