بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 18 كۆچبەری عیراقی لە لیبیا دەكرێت

عیراق 02:27 PM - 2026/09/26

ئەحمەد سەحاف، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا دەڵێت: تائێستا خنكانی 18 كۆچبەری عیراقی لە دەریای ناوەڕاست پشتڕاست نەكراوەتەوە و بەردەوامن لە بەدواداچوون .
دەشڵێت، بە وردی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو 18 كۆچبەرە عیراقیە  دەكەن كە بە رێگەی نایاسایی چوونەتە خاكی لیبیاوە، ئێستاش دەنگۆی خنكانیان لە دەریای ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە. بۆیە لەگەڵ لایەنە ئەمنی و تەندروستیەكان لە گفتوگۆدان بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو 18 كۆچبەرە، بەڵام تائێستا هیچ شتێكی فەرمی نییە كە خنكانی ئەو كۆچبەرانە پشتڕاست بكاتەوە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، 36 كۆچبەری كورد لە لیبیا دەستگیركران، كە 31 كەسیان خەڵكی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بوون، بەشێكیان گەڕێنرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەشێكیان هەر دەستبەسەرن‌و بێ سەروشوێنن.

لەوبارەیەوە پۆڵا شەهید سیروان، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە گەلی كوردستانی ڕاگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی ئەو گەنجانە كردووە، كە لە لیبیا دەستبەسەر كراون‌و بێسەروشوێنن. بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی باڵیۆزخانەی لیبیایان لە عیراق كردوە. وتیشی، باڵیۆزی لیبیا بەڵێنیداوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكات و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری وڵاتەكەی قسە بكات.

ڕێڕەوی لیبیا بە مەترسیدارترین ڕێگەی كۆچ لە جیهاندا دادەنرێت و تەنها لەمساڵدا 17 كۆچبەری كورد لەو وڵاتە بێسەروشوێن بوون، ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچیش جەخت دەكاتەوە كە ڕێگەی نێوان لیبیا و ئەوروپا بەهۆی چالاكیی گرووپە قاچاخچییەكان‌و نوقمبوونی بەلەمەكان، مەترسیدارترین ناوچەی كۆچی نایاساییە لە جیهاندا، لەكاتێكدا ماوەی چەند ساڵێكە قاچاخچییەكان گەنجانی كورد هەڵدەخەڵەتێنن‌و لەو ڕێگەیەوە بەڵێنی گەیاندنیان بە وڵاتانی ئەوروپا پێدەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو