شەپۆلە بەتینەكانی گەرمای ئەم دواییەی كێشوەری ئەوروپا، زیانێكی ئابووریی ئێجگار گەورەیان لێكەوتووەتەوە كە بەپێی خەمڵاندنە نوێیەكان تێچوو و زیانەكانی 113 ملیار یۆرۆیە كە دەكاتە 128 ملیار دۆلار.
بەپێی راپۆرتی گرووپی دارایی و دڵنیایی ئالیانز، ئەم گەرمایە بووەتە هۆی پەككەوتنی بەشێكی زۆری هێڵەكانی گواستنەوە، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و كەمبوونەوەی توانای كاركردن. بەپێی راپۆرتەكە ئیتاڵیا گەورەترین زیانی بەركەوتووە كە نزیكەی 28 ملیار یۆرۆ بووە، ئەڵمانیاش بە زیانی نزیكەی 25 ملیار یۆرۆ لە ڕیزبەندی دووەم دێت و فەڕەنساش زیانەكانی گەیشتووەتە نزیكەی 20 ملیار یۆرۆ.
زیانە داراییەكانی شەپۆلی گەرما لە ئەوروپا راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هێزی كڕینی هاووڵاتییان دروستكردووە. ئەم دۆخە لە كاتێكدایە كە بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرماوە كەرتی خانووبەرە تووشی وەستان بووەتەوە و پسپۆڕانی كۆمپانیاكەش هۆشداریدەدەن لەوەی شەپۆلەكان لە ساڵانی داهاتوودا تووندتر و زیانبەخشتر دەبن.