سعودیە: سێ هێرشی موشەكی و درۆنی حوسییەكانمان تێكشكاند

عیراق 11:21 AM - 2026/09/26

وەزارەتی بەرگریی سعودیە تێكشكاندنی دوو درۆنی لە ئاسمانی ڕیاز و موشەكێكی بالیستی لە خەمیس مشێت كە لە لایەن حوسییەكانی یەمەنەوە ئاراستەیان كرابوو راگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكە رووبەڕووی چەند هێرشێكی حوسییەكان بونەتەوە‌و توانیویانە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە ئاراستەی ناوچەی ریاز كرابون، لە ئاسماندا ببینن و تێكیان بشكێنن.

هاوكات لەگەڵ هێرشە درۆنییەكە بۆ سەر پایتەخت، موشەكێكی بالیستیش بەرەو شاری خەمیس مشێت لە باشوری وڵاتەكە ئاڕاستەكرابوو، كە ئەویش لە لایەن سیستەمی بەرگرییەوە پێش پێكانی ئامانجەكەی تەقێندراوەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانی بەرگریی ئاسمانی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەك و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیان و دامەزراوە نیشتمانییەكان لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەكان.

شارەكانی ریاز و خەمیس مشێت لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار بونەتە ئامانجی هێرشە موشەكی و دڕۆنییەكانی حوسییەكان. خەمیس مشێت بەهۆی نزیكی لە سنورەكانی یەمەن و هەبونی بنكەی ئاسمانیی مەلیك خالید، یەكێكە لەو ناوچانەی زۆرترین هێرشی دەكرێتە سەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو