مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی لە رووی شەریعیەوە حەرامە و وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك بەدوای بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە چەكەدا نییە.
پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی میللەت لە كەناڵی سی بی ئێس نیوز، پرسیاری ئەوەی لێكرا كە ئایا ئامادەیە ئەم هەفتەیە لە نیویۆرك چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بكەوێت، پزیشكیان لە وەڵامدا وتی، ئەنجامدانی دیداری راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ لە سایەی ئەو كەشە بێمتمانەییەی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە، كارێكی قورس و دژوارە.
سەبارەت بە دۆسییەی چەكی ئەتۆمیش، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، هەوڵی دروستكردنی هیچ چەكێكی ئەتۆمی نادەنو رێگە بە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدەن بچنە ناو وڵاتەكەوە، هەروەها جەختی كردەوە، گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی حەرامە، تەنانەت ئەگەر هەندێك كەس لە ئێران ئارەزووی دروستكردنی چەكی ئەتۆمیش بكەن، ئەوا لە رووی ئاینییەوە رێگەیان پێنادرێت بەرەو ئەو رێگەیە بڕۆن.
سەبارەت بە موجتەبا خامنەی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران پزیشكیان ئاشكرای كرد لەم دواییانەدا دوو جار لەگەڵ خامنەیی كۆبووەتەوە، لەنێویاندا دانیشتنێك كە زیاتر لە حەوت كاتژمێری خایاندووە و تیایدا شانبەشانی تیمێكی راوێژكاری شەش كەسی كە پێكهاتبوون لە لێپرسراوانی ئەمنی، پەرلەمان و حكومەت، كاروباری دەوڵەتیان تاوتوێ كردووە.