عەلی زەیدی گەڕایەوە بۆ عیراق

عیراق 10:46 AM - 2026/09/26

عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق دوای بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجامدانی زیاتر لە 25 دیداری دیپلۆماسی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان، كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ نیویۆرك هێنا و گەڕایەوە بۆ بەغداد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە،عەلی زەیدی دوای كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ نیویۆرك و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 81 مین دانیشتنیدا، گەڕایەوە بۆ بەغدادی پایتەخت.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەكاتی بەشداریكردنی لە كارەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، وتارێكی پێشكەشكرد ‌و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا،  شای ئوردن،  سەرۆك كۆماری توركیا، ئێران ، فینلاند، كینیا، سوریا، شازادەی جێنشینی كوەیت،و سەرۆكوەزیرانی میسر ئەنجامدا. هەروەها پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی لوبنان ، بەریتانیا، ئێرلەندا، رواندا، سكرتێری گشتی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی ، و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە .

تەوەری سەرەكی گەشتەكەی زەیدی پەیوەست بوو بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، بواری ئابووری و وزە، زەیدی لە نیویۆرك سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی نێوان بانكە عیراقی و ئەمریكییەكانی كردووە و لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریكا، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل، لێپرسراوانی  كۆمپانیای ئێچ كەی ئێنی  بواری نەوت و غاز ، لەگەڵ نوێنەرانی چەندین كۆمپانیای گەورەی تەكنەلۆژیا و گواستنەوە كۆبووەوە بە مەبەستی راكێشانی وەبەرهێنان بۆ عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو